Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"کوردستان" بەهێزتر لە هەرێمێک

پاڤین ڕەمەزان

لە کاتێکدا، ناوچەکە بە ڕووداوی لە ناکاو و چاوەڕواننەکراو دەکوڵێت و، تەنانەت وڵاتانی نیمچە خۆگرتووی بەهێزی ناوچەکەش، سەقامگیری و زەمانەتی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی زلهێز، لە لاوازی و کوژانەوەیە. موعجیزە نییە دۆستانی هەرێمی کوردستان ئەگەر ژمارەشیان لە زیادبوون نەبێت، مکوڕترن لەوەی درێژە بە پەیوەندییەکان بدەن و گەرموگوڕتری بکەن. هەرێمەکان بە جیاوازی دەسەڵاتی یاسایی و دەستوورییان جیاوازن، بەڵام هەرێمی کوردستان، لە هاوکێشەی ئاڵۆزی ناوچەکدا، هەمیشە پێگەی خۆی هەبووە و زۆرجار چاوی دونیای لەسەر بووە. کە ڕەنگە ئەمەیان بۆ پاشخانە شۆڕشگێڕییەکەی و قوربانیدانەکەی و قەزییە نەتەوەییەکەی زیاتر بگەڕێتەوە. بۆ ئەوەی ڕوونتر لە هاوکێشەی پتەوی دۆستایەتی و قەرەباڵغی دیوەخانی هەرێمی کوردستان تێ بگەین، دەبێت ئەو پرسیارە بورووژێنین، چی وای کردووە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ١٩٩١ـەوە لەگەڵ هیچ ولاتێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەر ئاستی شاندێکی لاوازیش بووبێت نمەکی ئەم هەرێمەیان کردبێت، دەستبەرداری نەبوون، لە کاتێکدا لە دونیای سیاسەتدا، مەلەکردن بە یەک ئاراستە ناکرێت، لەم ماوەی ئەو ساڵانەشدا هەر لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا زۆر پەیوەندیی دۆستانەی سیاسیمان بینی گەیشتە بنبەست و تەنانەت دوژمنایەتی.

هەرکاتێک بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەدا بگەڕێین، تووشی هەندێک ئیعتراف دەبین و دەبێت بیکەین، ئیتر ئاراستەی سیاسی و بیرکردنەی سیاسیمان هەر ئاراستەیەکی هەبێت. یەکێک لەو ئیعترافانە، سەرکەوتوویی و دونیابینیی سیاسی بووە لەسەر ئاستی دەسنیشانکردنی پەیوەندییەکان و خوێندنەوەیان. ئەوکاتەی لەوپەڕی لاوازی دابووین و ئەوکاتی لەوپەڕی بەهیزی هیچ شتێک لە گوتاری دۆستخوازانەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر وڵاتان نەگۆڕاوە. یا ئامادە نەبووە بێ وەفاییەکی سیاسیش لەگۆڕێ بێت، بیگەیەنێتە مریشکە ڕەشە و کۆتایی بە هیچ پەیوەندییەک بهێنێت. ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم و سنگفراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەرامبەر گەلەکۆمەی وڵاتان لە کۆتاییدا وای کرد، هەم ڕیفراندۆم ببێتە ئەمری واقیع و هەم دۆستەکانمان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانیشتنەکان.

هۆکارێکی دیکە کە وایکردووە، وڵاتان بێ ئەوەی تووشی هیچ ئیحراجییەکی نێودەوڵەتی ببن و لە ئەژماری پەیوەندییەکانیان زیاتر لە پێگەی هەرێمێک و هەندێکجار وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ژمارە بۆ هەرێمی کوردستان دابنێن، ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا تەنیا جوگرافیایە لە دەرەوەی بیری مەزهەبی و تائیفی و دینی، حوکمڕانی دەکات و لە ڕابردوو و ئێستاشدا پابەندی پرەنسیپە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بووە و هەرگیزیش دەستی لە دروستبوونی توندوتیژی و ڕژانی خوێندا نەبووە، لە کاتێکدا هەر وڵاتێکی ناوچەکە بەناوی جیا جیای مەزهەبی و تائیفی بە ئاشکرا و نهێنی گۆمە خوێنێکیان خوڵقاندووە یا بە لایەنی کەمەوە دەستیان لە پشت توندوتیژییە مرۆییەکان هەبووە. ئەم تایبەتمەندییەی هەرێمی کوردستان، لە پێکەوەژیان هەنگاوێک لەپێشترە، بە کەڵکی ئەوە دێت، لە هەر گۆڕانکارییەکدا بێت وڵاتانی دیموکراتخوازیی جیهان پشتیوانیی لێ بکەن و لە هەرێمێکەوە ببێت بە دەوڵەتێکی بەهیزی خۆبەڕێوەبەر.