Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماکرۆن: پشتیوانی فەرەنسا بۆ عێراق دووپات دەکەینەوە

بەغدا-KDP.info- دوای گەیشتنی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ بەغدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ماکرۆن رایگەیاند: "پشتیوانی فەرەنسا بۆ عێراق دووپات دەکەینەوە و بودجەیەکی تایبەتمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق تەرخانکردووە".

لە سەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا مستەفا کازمی گوتی: "سەردانی سەرۆکی فەرەنسا، پشتگیرییەکی گرنگی عێراقە لەم قۆناغە هەستیارەدا، گەلی عێراق ستایشی ئەو هەڵویستە گرنگەی فەرەنسا دەکات".

گوتیشی: "عێراق و فەرەنسا لە بوارەکانی نەوت و وزە، ئابووری، تەندروستی، پێکەوە کار دەکەن، سوپاسی هەڵوێستی فەرەنسا دەکەین بەتایبەتی لە هاوکاریکردنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەروەها بەغدا و پاریس هاوبەشی گرنگن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، لەپێناو بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکان و شەڕی تیرۆر، پەیوەندییەکانمان پەیوەندی مێژوویین، فەرەنسا بەردەوام پشتیوانی لە کەرتی ئابووری و وزەی عێراق کردووە".

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سوپاسی کازمی کرد لەبارەی بەستنی (کۆنگرەی بەغدا بۆ هەماهەنگی و هاوبەشی) لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق و رایگەیاند: "پێشتریش جەختمان لەسەر سەقامگیری لە عێراق کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووشماندا لەگەڵ کازمی باسمان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و شکست پێهنانی ئەو رێکخراوە کردووەتەوە، دەزانم شەڕ لە دژی تیرۆر لە ئەولەویەتی حکومەتی عێراقە، بۆیە پشتیوانی وڵاتەکەم بۆ شەڕی دژی تیرۆر دووپات دەکەمەوە، هەروەها جەختمان لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارانە کردووەتەوە کە لەدەستی داعش رزگار کراون، هاوکات گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، بۆ ئەم مەبەستە فەرەنسا پشتیوانی لە حکومەتی عێراق دەکات و بودجەیەکی تایبەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق تەرخانکردووە، هەروەها بۆ ژێرخانی ئابووری عێراق پڕۆژەی زۆر لەلایەن کۆمپانیاکانی فەرەنسا پێشکەشکراوە و کاری لەسەر دەکەن".

گوتیشی: "ستایشی حکومەتی عێراق دەکەین لەپێناو بوژانەوەی وڵاتەکە، هەروەها پەسنی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەکەم، هیوای داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراق دەخوازم".

ماکرۆن، راشیگەیاند: "سەقامگیری لە عێراق جێگیر نابێت، ئەگەر وڵاتانی هەرێمی و ناوچەکە هەماهەنگیکار نەبن، بۆ ئەم ئامانجە، بژاردەی ئێمە ئەوەیە کار لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەین، لەپێناو کۆکردنەوەی هەموو وڵاتانی ناوچەکە، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە بە گشتی، کە ئەرکی سەرشانی هەموومانە. ئەم کۆنگرەیەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ عێراق".