Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بابكەیی بۆ KDP: ئەمە ھۆكاره‌سەرەكیەكەیه‌ كه‌ بەنزین ھەرزان نەكرا

ھەولێر-KDP.info- ھۆكارگەلێكی زۆر ھەن بۆ ئەوەی ڕێگر بن لە ھەرزانبوونی بەنزین لەو نرخەی كە وەزیری سامانە سرووشتییەكان باسی كرد، ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشییەكانیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ھۆكاری سەرەكیی ھەرزاننەبوونی بەنزین، ئەوەیە كە لە دەست كەرتی تایبەتدایە.

ڕێبوار بابكەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەك لیژنەی سامانە سرووشتییەكان بەدواداچوونمان بۆ گرانبوونی نرخی بەنزین لەگەڵ وەزارەت و وەزیری سامانە سرووشتییەكان كردووە، لە دوا لێكتێگەیشتنیش لە نێوان ئێمە و ئەوان، باس لەوە كرا كە بۆ نموونە ئەو باجەی لەسەر ھاوردەكردنی بەنزین ھەیە بۆ ھەر تەنێك  ٢٥دۆلار، ھەڵبگیرێت بۆ ئەوەی كە ئەم بەنزینەی دەگاتە ھاووڵاتیان، بە نرخێكی گەنجاو و ھەرزانتر لەوەی ئێستا ھەیە، بیاندرێتێ: "

بابكەیی گوتیشی: "هەوڵ هەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و حكوومەتی ھەرێم بەنزین عەمبار بكەن، بۆ ئەوەی لە حاڵەتێكی وەهادا بەنزینی عەمباركراوی خۆمان بخەینە بازاڕەوە".

ناوبراو سەبارەت بە ھۆكاری گرانبوونی بەننزین و ھەرزاننەبوونی گوتی: "سەردانێكی وەزیری سامانە سرووشتییەكان ھەبوو بۆ لای وەزیری نەوتی عێراق، یەكێك لە بابەتەكان ئەوە بوو كە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق چارەسەری بكەن و ڕێگەچارەیەك بدۆزنەوە، وا بڕیار درا كە لە ٢٣ـی ئەم مانگەوە ھەر لترێك بەنزین ببێت بە ٦٥٠دیناری عێراقی، ھۆكار زۆرن، بەڵام یەكێك لە ھۆكارە سەرەكییەكان ئەوەیە كە بەنزین لە دەستی كەرتی تایبەتدایە و، ئەگەر بێت و بكەوێتەوە دەستی حكوومەت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان خۆیان، باشتر دەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت و بە نرخێكی گونجاوتر بەنزین و سووتەمەنی بدرێت بە ھاووڵاتیان، ئەمە ھۆكاری سەرەكییە كە بەڵێنەكەیان نەبردووەتە سەر و نەكرا بەنزین لە وادەی دیاریكراودا ھەرزان بكرێت".

 

فایزە كۆیی