Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

راگەیاندراوێک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

لە ئەنجامی داواکاری خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی عێراق، بابەتی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو بە داواکاری زۆرینەی جەماوەر بە لایەنە سیاسییەکانیشەوە، ئەم داواکاریەش لە روانگەی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییانەی کە دووچاری پرۆسەی سیاسی عێراق ھاتبوون و لە ئاکامیشیاندا کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووی بواری ئابووری و خزمەتگوزاری بەبێ چارەسەر مابوونەوە، سەرچاوەی گرتووە.

بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە و دۆزینەوەی رێگاچارەی گرفت و کێشەکانی ھاووڵاتیانی عێراق بە شێوەیەکی گشتی، ھەڵبژاردنی پێشوەختە و دروستکردنی کابینەیەکی نوێی حکومەتی فیدڕاڵی بە فاکتەرێکی باش زانرا و، بڕیاڕی لەبارەوە درا. بەڵام ھەندێک لایەن، لە ئاکامی زیادبوونی کێشە و گرفتەکان و لێکدانەوەی ھەندێ لایەنی بەرچاو لە چۆنیەتی دروستبوونی کێشەکان، رایانگەیاند کە بەشداری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ناکەن. بە رای پارتیمان ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بەشداری کۆی لایەنە سیاسییەکان دەروازەیەکە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیھێنانی داواکاری خەڵکی عێراق، ھەروەھا بۆ ھاوکاری پرۆسەی سیاسی و پاراستنی لە چەقبەستوویی.

بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، داوادەکەین لە بەڕێزان لە تەیاری سەدری و ھەر ٢٦ لایەنی دیکەی کە رایانگەیاندووە بەشداری ھەڵبژاردن ناکەن، لە پێناو بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی عێراق بەبڕیارەکەیاندا بچنەوە و بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن وەکو داخوازییەکی ھاووڵاتیان و پێویستییەکی ھەنوکەییش بۆ خزمەت گەیاندنی زیاتر بە پرۆسەی سیاسی عێراق و حکومڕانیەکی باش و تەندروست.

مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٤ـی ئابی ٢٠٢١