Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پێویستە حکوومەتی عێراق بەکردار ھەنگاو لەدژی پەکەکە بنێت"

بەغدا -KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی، پێویستە حکوومەتی عێراق بەکردار ھەنگاو لەدژی چەکدارانی پەکەکە لە خاکی ھەرێمی کوردستاندا بنێت، چونکە خۆیان ھاوکارییان دەکەن و ناکرێت تەنھا بەقسە باس لەوە بکەن کە پەکەکە کێشەیە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان.

دکتۆر ناسر ھەرکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھەمووان دەزانین پەکەکە کێشەیە، بەڵام پێویستە حکوومەتی عێراق کە لایەنی جێبەجێکارە بڕیاری خۆی ھەبێت لەبارەی بوونی پەکەکە، بەڵام خاوەن بڕیار نین، چونکە سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی عێراق دەزانن پەکەکە خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشی بەزاندووە و سەروەریی خاکی عێراقیشی پێشێل کردووە و لە شنگالیش ھەر ماون و دەسەڵاتدارن و ئەوانەی لە حکوومەتیش بەشدارن پاڵپشتی لە پەکەکە دەکەن.''

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "پێویستە بڕیارێک ھەبێت لە حکوومەتی عێراق کە نابێت ھیچ ھێزێکی بیانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەبێت، بۆیە پێویستە بە کردار ئەو کارە بکەن، نەک تەنھا بەقسە نەبێت، چونکە لە شنگال ڕێککەوتن کراوە و جێبەجێ نەکراوە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق لەدژی پەکەکە ھەنگاو بنێت.''

وەزیری پێشووی بەرگریی عێراق، خالید عوبەیدی باسی لەوە کردووە کە کاتی ئەوە ھاتووە کێشەی پەکەکە چارەسەر بکرێت، چونکە کێشەی زۆری بۆ عێراق ناوەتەوە و ئەگەر نیازپاکی لە نێوان لایەنەکان ھەبێت ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ دەکرێت و کێشەکانیش چارەسەر دەکرێن، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە کێشەی پەکەکە چارەسەر بکرێت، چونکە لە دۆخێکی ئاڵۆزدا ھاتوونەتە عێراق.

بڵند ئیبراھیم