Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەیاننامەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان، بەیاننامەیەكی دەربارەی دانوستانی ستراتیژیی نێوان حكوومەتی عێراق و ویلایەتە ‌یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەبارەت بە بەردەوامبوونی پەیوەندی و هاوكاریی نێوان هەردوولا، بڵاو كردەوە.

دەقی بەیاننامەكە:

ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، وەكوو سەرجەم لایەنە سیاسییە نیشتیمانییەكانی عێراق و گەلی عێراق، بە گرنگییەوە سەیری رێڕەوی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەین سەبارەت بە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات و گەل و دواڕۆژی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەسەر خاكی وڵات.

ئێمە لە كاتێكدا كە هەوڵ و كۆششی شاندی حكوومەتی عێراق و لەنێویدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنین بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی و پەسندكراوی راگەیەندراو بە مەبەستی كۆتاییهێنان بەو بارگرژی و توندوتیژییەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا هەیە، ئەوە دووپات دەكەینەوە كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی خاڵەكانی ئەم رێككەوتنە بن بە نیازێكی پاك و دوور بكەونەوە لە توندوتیژی و گرژتركردنی بارودۆخە ئاڵۆزەكە لە وڵاتدا، بۆ ئەوەی بەیەكەوە كار بكەین بۆ چەسپاندن و بەرقەراریی ئاسایش و ئارامی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا و پێویستە هەمووانیش پابەند بن ‌بە سەرجەم ئەو خاڵانەی لە چوارچێوەی پرەنسیپی رێككەوتنی ستراتیژیدا ئاماژەیان بۆ كراوە.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان

28\7\2021