Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەت: لە پلانماندایە تا كۆتایی ئەمساڵ 40%ی هاووڵاتیان بكوترێن

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە پلانیاندایە تا كۆتایی ئەمساڵ 40 لەسەدی هاووڵاتیانی كوردستان بە ڤاكسینی كۆرۆنا بكوترێن، لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستانیش لە نێو شاندی حكوومەتی عێراق، بۆ كڕینی ڤاكسین لە ئەمەریكا لەسەر هێڵن.

د. ئارام ڕۆستەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ئێستادا هەموو ئەو ڤاكسینانەی بۆمان دێن لە رێگای حكوومەتی عێراقەوە دابین دەكرێن، لە پلانی حكوومەتی عێراقدایە تا كۆتایی ئەمساڵ لەسەدا 20ی هاووڵاتیانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بە ڤاكسینەكان بكوترێن، پلانی ئێمەش ئەوەیە لەلای خۆمان 20 لەسەدی ڤاكسین دابین بكەین، بۆیە بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە، تا كۆتایی ئەمساڵ لەسەدا 40ی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بكوترێن".

ئەو راوێژكارەی وەزیری تەندروستی زیاتر گوتی: "بۆ دابینكردنی ڤاكسین تاكو ئێستا نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی و لە گفتوگۆداین، بەڵام لەگەڵ كۆمپانیای (ڤایزەر) لە رێگای شاندی هەرێمی كوردستان لە نێو شاندی حكوومەتی عێراق كە لە ئەمەریكان، لەسەر هێڵین بۆ كڕینی ڤاكسین لە ئەمەریكا، بۆ ئەم مەبەستەش سەبارەت بە دابینكردنی پارە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كێشەمان نابێت".

لەبارەی بوونی جیاوازی لە نێوان ڤاكسینەكانیش، د. ئارام دەڵێ، هیچ جیاوازییەك لە نێوان ڤاكسینەكاندا نییە و باشترین ڤاكسینیش، ئەو ڤاكسینەیە كە لە بەردەستدایە.

سەبارەت بە ئامارەی گەیشتنی ڤاكسین و رێژەی كوتانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە ڤاكسینەكە، ناوبراو روونی كردەوە، زیاتر لە 500 هەزار ڤاكسین تاكو ئێستا بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە،‌ لەسەدا 4ی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش كوتراون،‌ هەروەها نزیكەی لەسەدا 8ی ئەو چین و توێژانە‌ كوتراون، كە بڕیار بوو بكوترێن".

 

نەشوان بەرزنجی