Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە ژمارە؛ تورکمان و شەبەکەکان لەلایەن داعشەوە چەند زیانیان بەر کەوتووە؟

مووسڵ-KDP.info-  کاتێك ڕێکخراوی داعش لە سووریا و عێراق سەری هەڵدا، بەهۆی ئایینی جیاوازەوە یەکەم ئامانجیان ئەوە بوو کە پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکییەکان نەهێڵن، ئەوان پێیان وابوو ئەم ئایینانە ڕێگای خوداناسینیان هەڵەیە.

داعش دەستی بەسەر ناوچەکانی پێکهاتەکاندا گرت، لەوانەش ئێزدی و مەسیحی و کاکەیی و تورکمانی شیعە و شەبەکی شیعە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە  گرنگیی بە پێکهاتە و ئایین و ئیتنیکە جیاوازەکان داوە و هەمیشە لەگەل مەعاناتەکانیان بووە و ویستوویەتی ئێش و ئازاری پێکهاتەکان بگەیەنێتە شوێنی پێوەندار.

لە یەکەم ڕاپۆرتی ژمارەییدا ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بە ژمارە پێشانی دا کە داعش چەندە زیانی بە ئێزدی و مەسیحییەکان گەیاندووە.

تورکمانی شیعە و شەبەکی شیعەش دوو پێکهاتە و نەتەوەن کە داعش زیانی پێ گەیاندوون و ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بە ژمارە ئەو زیانانە بڵاو دەکاتەوە.

تورکمانەکان

تورکمان یەکێکە لەو نەتەوانەی کە لە دەستووری عێراقدا بە نەتەوەی سێیەم دادەنرێت و بەپێی پرۆژە دەستووری هەرێمی کوردستان دووەم نەتەوەن. بەشی زۆری ناوچە تورکمانییەکانی سەر بە حکوومەتی عێراق لەو ناوچانەن کە کەوتوونەتە بەر ئامانجی تیرۆر و شانە نووستووەکانی تیرۆریستان.

جوگرافیای تورکمانەکان لە پارێزگاکانی باکوور و ناوەڕاستی عێراقدایە، لەوانە مووسڵ و کەرکووک و دیالە و سەڵاحەدین و، تورکمانی هەولێر کە دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە.

لەگەڵ هاتنی داعش، تورکمانەکانیش بێبەش نەبوون لە کاولکاری و ڕەڤاندن و کوشتن و لەنێوبردنی مەزارگەکانیان لە قەزای تلەعفەر کە قەڵای تورکمانەکانە و، لە 17ی حوزەیرانی ساڵی 2014دا داعش دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرت و هەموو جۆرە خراپکارییەکی بەرانبەریان کرد.

بیانووی داعش ئەوە بوو کە ئەمانە مەزهەبیان جیاوازە، هەموویان تورکمانی شیعەن و لەسەر ڕێگا و بیری داعش نین و، لەگەڵ هاتنی داعش دەست بە کوشتنی بەکۆمەڵیان کرا. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تۆڵای بۆ کاروباری تورکمانەکان کە ئاماری مەیدانی و متمانەپێکراوی کۆ کردووەتەوە، 732 کەس لە گۆڕێكی بەکۆمەڵدا ساڵی 2017 دۆزراونەوە.

بەپێی زانیارییەکان، کڕین و فرۆشتنیش بە ژن و ئافرەتەکانەوە کراوە و بەپێی شایەدیی کچە ڕزگارکراوەکانی ئێزدییان، ئەوانەی لە دەست داعش ڕزگار کراون، لە کاتی هاتنی داعشدا زیاتر لە 350 هەزار کەسی تورکمان ئاوارە بوون، 90 هەزار بەرەو دهۆک و دەروبەری ئاوارە بوون و 27 تا 30 بەرەو نەجەف و کەربەلا و 8 هەزاریش بەرەو هەولێر و 4000  هەزار کەسیش لە ناحیەی عەیازیەی سەر بە تلەعفەر ئاوارەی کەمپی یەحیاوای سەر بە ناحیەی لەیلانی کەرکووک بوون و 1000 کەسیش لە هەیکەل و خانووە تەواونەکراوەکانی کەرکووکدا بوون.

بەپێی ئامارەکان، لە کاتی ئاوارەبوونی تورکمانەکاندا بەهۆی نەخۆشی و گەرماوە 13 کەس لە کاتی هاتنیان بۆ کەمپی خازر گیانیان لەدەست دا. هەر لە کاتی پالاماری داعشدا بۆ سەر خەڵکی تلەعفەر؛ ئەوان ئاوارەی چیای شنگالیش بوون و لە ڕێگای سەخت و گەرمدا زیاتر لە 60 منداڵی تورکمان گیانیان لەدەست دا.

هەر لە ئامارەکەشدا ئەوە هاتووە، لە گوندی قەرەقووین لە لای ڕۆژئاوایی شاری مووسڵ لە کاتی هاتنی داعشدا 9 ئافرەتی تورکمان لە ساڵی 2016 لەسێدارە دران و درانە بەر ڕێژنەی گوللەش لەبەر ئەوەی ڕەتیان کردەوە هاوژینی  لەگەڵ چەکدارانی داعش بکەن، هاوکات داعش 20 شوێنی پیرۆز و مەزارگە و حوسەینییە و تەکیەی سۆفییە تورکمانەکانی لەنێو برد.

لە کەرکووکیش لە گوندی بەشیر لە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2014 داعش دەستی بەسەر ئەم گوندە تورکمانییەدا گرت لە باشووری کەرکووک کە دانیشتووانەکەی 5 هەزار کەسە و نزیکەی 1200 خانووە. کاتێک داعش هات ڕەتیان کردەوە بگەنە ئەو ڕێکخراوە، داعش دەستی بە کوشتاری گوندەکە کرد و گوندەکەی سووتاند و لاشەی خەڵک لەسەر لێواری شەقامی گوندەکە دەبینرا. بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تۆلاوی تورکمانی، مەزارگە و شوێنی پیرۆزیان لەنێو بردن و گەنجەکانیش کوژران. لە کەمینێکدا 32 گەنجی تورکمان کوژران و دوای ئازادکردنی ناوچەکە لە گۆڕێكی بەکۆمەڵدا دۆزرانەوە. لە ناوچەی تازەخورماتووش کە تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی بۆ ئەو شارە نەکراوە بە سەدان خێزانی تورکمانی ئاوارە بوون و چەندین کەس کوژران و شوێنیان وێران کردوون.

لە 21ی ئۆکتۆبەری 2016شدا لە تەکیەی خانلییەی داقووق فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بەهەڵە بۆردومانیان کرد و زیاتر لە 100 کەس شەهید کران و تا ئێستاش هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەو کەیسە نەکراوە.

لە سەڵاحەدینیش لە گوندی بیراوجلی کاتێک داعش دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرت 59  کەسی مەدەنیی تورکمانی دەستگیر کرد کە تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و هەموو ماڵەکانیان و 4 حوسەینییە سووتێنران. لە گوندی قرنازیش 118 خانوو و 3  مەزارگەی تورکمانەکان سووتێنران و لە گوندی جرداغلی 97  خانوو و 3 مەزارگە سووتێنران.

لە پارێزگای دیالە لە ناحیەی جەلەولا 1250 کەس ئاوارە بوون و لە ناحیەی سەعدییە 2000  و لە گوندی شاقرا 400  خێزان ئاوارە بوون.

شەبەک

شەبەک کە وەک کەمینەکی جیاواز لە دەشتی نەینەوادا زمانیان جیاوازە، لە کاتی هاتنی داعشدا، ئەوانیش بوونە قوربانی و بەپێی قسەی غەزوان داوودی شەبەک، زیاتر لە 200 کەس کەوتنە دەست داعش و، خەڵکی گوندی عەمەر سەر بە ناحیەی نەمروود تەبەرق زیارەت و گوندەکانی سەر بە ناحیەی باشووک تا ئیستا چارەنووسیان دیار نییە.

گوتیشی: ''هەر لە کاتی هاتنی داعشدا 57 گوندی کاکەیی سووتێنران، بەڵام ئێستا هەموویان ئاوەدان کراونەتەوە. خەڵکی شەبەک هەموویان ئاوارە بوون، ئێستا دوای ئازادکردنی ناوچەکە 90٪یان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و 10%یان لە هەرێمی کوردستانن.

''لە کاتی هاتنی داعشدا ٣ مەزارگەی سەرەکیی ئایینیی لە دەشتی نەینەوا شەبەک تەقێندرانەوە و بەپێی زانیارییەکان هەموو ئەوانەی ڕفێندراون لە شوێنێکی نزیک حەمام عەلیل لە گۆڕ نراون.''

 

ڕاپۆرت: کاروان باعەدری