Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەربەست مستەفا: كۆمسیۆن ھەموو ئامادەكارییەكی بۆ ھەڵبژاردنەكان كردووە... بە دوو رێگا دەتواندرێت دوابخرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی پێشووی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق گوتی، كۆمسیۆن ھەموو ئامادەكارییەكی بۆ ھەڵبژاردنەكان كردووە و كشانەوەی ھەندێك لایەنیش كاریگەریی نابێت. دەشڵێ، دواخستنی ھەڵبژاردنەكان بە دوو رێگا دەبێت، ئەویش كۆمسیۆن بڕیار بدات یانیش بە بڕیارێكی سیاسی دوابخرێت، ئەگەرنا دواخستنی هەڵبژاردن، مومكین نییە.

سەربەست مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەوانەی خۆیان لە ھەڵبژاردن دەكێشنەوە، لە رێگەی راگەیاندنەوە باسی دەكەن نەك بە فەرمی لەرێگەی كۆمسیۆنەوە، كە ھیچ كاریگەرییەكی نابێت، چونكە كاندیدەكانیان ھیچیان لە كۆمسیۆن نەكشاونەتەوە و كۆمسیۆن ناوی ھەموو كانیدەكانیان ڕاگەیاندووە، بۆیە ئەوە دەمینێتەوە لە كاتی دەنگداندا داوا لە خەڵكی خۆیان بكەن نەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، دوای ھەڵبژاردنیش ئەگەر یەكێك سەركەوتنی بەدەست ھێنا، مافی خۆیەتی بچێتە پەرلەمان، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردن دوابخرێت، پێویستە بڕیارێكی سیاسی بدرێت، بەڵام لایەنە گەورەكان تا ئێستا لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردندان، بۆیە ئەو كشانەوەیە ھیچ كاریگەرییەكی نابێت.

مستەفا باسی لەوەش كرد، ڕەنگە ئەگەر دەنگدەری لایەنەكان بەشداری نەكەن، ئەوكات كاریگەری لەسەر رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران هەبێت، ئەگەرنا كۆمسیۆن ناوی ھەموو كاندیدانی دیزاین كردووە و بۆ چاپی ناردووە، بۆیە مومكین نییە ھەڵبژاردن دوابخرێت.

دەشڵێ، بە دوو رێگا دەتواندرێت ھەڵبژاردن دوابخرێت، یەكەم كۆمسیۆن باس لەوە بكات كە ناتوانن ھەڵبژاردن ئەنجام بدەن، یاخود بڕیارێكی سیاسی بدرێت و ھەڵبژاردن دوابخرێت، ئەگەرنا كۆمسیۆن ھەموو كارەكانی تەواو كردووە و ئەو كشانەوەیە هیچ كاریگەری نابێت.

 

بڵند ئیبراھیم