Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیاری دامەزراندنی دادگایەك بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش دراوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، لیژنەی باڵای ناساندنی تاوانەكانی داعش بڕیاری داوە بە دروستكردنی لیژنەیەكی دیكە، تا لەسەر ئاستی باڵادا تاوانەكان بخاتە روو، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمیش رایگەیاند، بۆ بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی كوردانی ئێزدی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەماهەنگییەكی بەردەوامدایە و هەنگاوی باشیش نراون.

ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لیژنەی باڵای ناساندنی تاوانەكانی داعش كۆبوونەوە و، دوای كۆبوونەوەكە، دكتۆر جووتیار عادل، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كە ئەوان بڕیاری دامەزراندنی دادگایەكیان داوە بۆ دادگاییكردنی سەرانی داعش و، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكارییان دەكەن، ئامانجیش لەوە، گێڕانەوەی مافی ئەوانەیە كە تیرۆریستانی داعش تاوانی بەرانبەر ئەنجام داون، بۆ ئەوەش بەڵگەی زۆریان لە بەردەستە و بەردەوامیشن لە كۆكردنەوەی بەڵگەی پێویست بۆ دادگاكە.

ئاماژەی بەوەش دا، كە لە بارەی بڕیارەكانی حكوومەت بۆ رێگری لە تەشەنەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، سبەی سێشەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و دوای خوێندنەوەی راپۆرتی وەزیری تەندروستی، گفتوگۆ دەكرێ و بڕیاری گونجاو دەدرێ.

لە بارەی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستانیش، ئەوەی خستە روو، كە پڕۆژەكە ئامادەیە و هەندێ سەرنج  و تێبینیی لەسەرە، دوای ئەو تێبینی و سەرنجانە، ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت.

لە بارەی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئوتۆمبێلی بێسەرەتا و مۆڵەتی بێچەك، كە لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان بەڕێوە دەچێت، جەختی لەوە كردەوە، كە هەر هەنگاوێكی دامەزراوەكانی حكوومەت دەیدات، ئەوا لە پێناو سەقامگیری و چەسپاندنی یاسا گرینگیی خۆی هەیە و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی دەكات.

هاوكات، دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەر لە میانەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، بۆ مێدیاكان رایگەیاند، بۆ بە جینۆسایدناساندنی كارەساتی كوردانی ئێزدی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تەنسیقێكی بەردەوامدایە و، زۆر هەنگاوی باشیش نراون، لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و خودی یوئێن لەسەر ئەو پرسە.

جەختیشی كردەوە، كە دوایین راپۆرت لە رێككەوتی ١٠ی٥ی ئەمساڵ نوێنەری تایبەتی یوئێن، لەسەر تاوانەكانی داعش پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد.

سەبارەت بە پڕۆسەی یاساییەكەیشی، روونی كردەوە، كە پرۆسەكە لە ئاستی جیاجیادایە و ئەوەی گرینگە بەلایانەوە، ئەوەیە كە پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتییان لەسەر ئاستی یونیتاد و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە، تا ئەو تاوانانە بە تاوانی نێودەوڵەتی بناسرێن، لە لایەكی دیكەیشەوە، حكوومەتی هەرێم لەگەڵ یونیتاد سەرقاڵە و یونیتاد دوو نووسینگەی هەیە، كە یەكێكیان لە هەولێرە و ئەوی دیكەیشیان لە دهۆكە و هەماهەنگیی زۆر باشیان لەگەڵ یەك هەیە.

 

خێڵان بەختیار