Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رووپێوێك سەبارەت بە رێژەی كار و بێكاری لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان، دەستی بە رووپێوێك لەبارەی رێژەی كار و بێكاری لە ھەرێمی كوردستان كردووە و رووپێوەكەش بە ھاوكاریی رێكخراوی كاری جیھانییە و نەتەوەیەكگرتووەكانیش پشتگیری دەكات، كە بە شێوەی مەیدانی و زانستی ئەنجام دەدرێت و لە سەرەتای مانگی داھاتوودا كارەكانیان تەواو دەبێت.

سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دەستمان بە رووپێوێك كردووە بۆ دیاریكردنی رێژەی كار و بێكاری لە ھەرێمی كوردستان و رووپێوەكەش بە شێوەی مەیدانییە و لەناو خەڵك ئەنجام دەدرێت، بۆیە لە رێگەی ئەو رووپێوەوە بۆمان دەردەكەوێت، كە رێژەی كار و بێكاری لە ھەرێمی كوردستاندا چەندە".

محەمەد باسی لەوەش كرد: "ئەو رووپێوەی كە دەستمان پێكردووە، بە تەنھا نین و بە ھاوكاری رێكخراویی كاری جیھانی ئەنجام دەدرێت".

لای خۆشیەوە، گوھدار محەمەد لە دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "رووپێوی كار و بێكاری لە ھەرێمی كوردستان بە شێوەی مەیدانی بەردەوامە و ئێستا لە ماڵان كارەكان ئەنجام دەدرێن و تا سەرەتای مانگی داھاتوو كاری مەیدانی تەواو دەبێت".

بە گوتەی ناوبراو، دواتر دیراسەی رووپێوەكە دەكەن و رەنگە تا مانگی نۆ بەردەوام بێت، چونكە رووپێوەكە وردەكاریی زۆرە و لە ھەر ناوچەیەك پێویستیان بە رێژەیەك خێزان ھەیە كە ناوەكانیان وەربگرن، بۆ نموونە ڕەنگە لە ھەندێك شوێن پێویستیان بە ھەزار خێزان ھەبێت و لە ھەندێك شوێنیش زیاتر یان كەمتر بێت، بۆیە بەپێی پێویستی دەبێت و دواتر دیار دەبێت چەند خێزان وەرگیراون، ئەوكات دابەشیان دەكەیتە سەر پارێزگا و قەزاكان، كە پاش ئەوە رێژەكە ڕوون دەبێتەوە.

دەشڵێ: "ئەو رووپێوەی دەیكەین زانستییە و پشتگیریی یوئێنیشی لەگەڵدایە، بۆیە كە رووپێوەكە تەواو بوو، ئەوكات بە فەرمی ڕایدەگەیەنین".

 

بڵند ئیبراھیم