Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یاسای هەڵگرتنی چەك هەموار دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، یاسای هەڵگرتنی چەك لە هەرێمی كوردستاندا كەموكورتیی زۆری تێدایە و لە ئێستادا لیژنەكەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، كار بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە دەكات، بە شێوەیەك لەگەڵ دۆخ و واقعی ئێستای هەرێمدا گونجاو بێت.

نزار مەلا غەفار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە ئێستادا وەك لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان داوامان كردووە دووبارە پێداچوونەوە بە یاسای هەڵگرتنی چەك لە هەرێمی كوردستاندا بكرێت، چونكە ئەو یاسایەی ئێستا هەیە و بەركارە، یاسای ساڵی 1992یە، هەندێك لە بڕگە و خاڵەكانی ئەم یاسایە كەموكورتییان تێدایە و پێویستە هەموار بكرێتەوە، چونكە ئەو یاسایەی كە ئێستا كاری پێدەكرێت، لە سەردەمەێكدا نووسراوە كە واقعی كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی كوردستان تەواو جیاواز بووە، بۆیە بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی قۆناغی ئێستا و هەروەها زۆربوونی حاڵەتەكانی كوشتن، كە زۆربەی هەرەزۆریان بە چەكی بێ مۆڵەت ئەنجام دەدرێن، لیژنەكەمان سەرقاڵی هەمواركرنەوەی یاساكەیە، حەتمەن بە هاهەمەنگیی لایەنی پەیوەندیداریش دەبێت بەم بابەتە، كە وەزارەتی ناوخۆیە".

مەلا غەفار گوتیشی: "هەندێك لە بڕگە و خاڵەكانی یاساكە هەموار دەكرێنەوە، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی پزیشكی و تەندروستییەوە هەیە، چونكە ئەو مۆڵەتانەی كە پێشتر دراون، هیچ پشكنینێكی دەروونی بۆ خاوەن مۆڵەتەكە نەكراوە، بۆ لەمەودوا هەر كەسێك بیەوێت ببێت بە خاوەنی مۆڵەتی چەك، دەبێت لە لایەن تیمێكی پزیشكییەوە ببینرێت تاوەكو بزانرێت لە ڕووی دەروونییەوە هیچ كێشەیەكی هەیە یاخود نا، كە پێویستە پشكنینی پزیشكی بۆ بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم كەسە تا چەند گونجاوە بۆ هەڵگرتنی چەك، هەوڵ دەدەین هەمواری یاساكەش بە شێوەیەك ئامادە بكرێت كە ئەو فەوزایەی لە هەڵگرتنی چەكدا هەیە، چارەسەر بكرێت".