Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"سەدان كۆمپانیا بە هۆی خۆدزینەوە لە باج دراونەتە دادگا"

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پرۆسەی ڕێكخستنەوەی سەپاندنی باج لەسەر تەواوی ئەو كۆمپانیایانەی كە بەپێی یاسا پێویستە باج بدەنە حكوومەت بەردەوامە، لە ماوەی ڕابردووشدا سەدان كۆمپانیا بە هۆی پابەندنەبوون و خۆدزینەوە لە پێدانی باج، دراونەتە دادگا.

كەمال وەرتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی ڕابردودا تەواوی كۆمپانیاكان باجیان لەسەر دانراوە، لە ئێستاشدا سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی حیسابی خیتامیی كۆمپانیاكانین تاوەكو لەم رێگەیەوە بزانرێت داهاتی فیعلییان چەندە، تەركیزیشمان زیاتر لەسەر كۆمپانیا گەورەكانە، كە بەدەمەوەهاتنی كۆمپانیاكان بەراورد بە ڕابردوو لە ئاستێكی باشدایە و ئەمەش بێگومان پەیوەندی بەو ڕێوشوینە یاساییانەوە هەبووە كە لەم بوارەدا گیراونەتە بەر، بە دڵنیاییەوە پرۆسەی وەرگرتنی باج بە بێ جیاوازی لەسەر كۆی كومپانیا و دامەزراوەكان جێبەجێ دەكرێت".

وەرتی گوتیشی: "بەپێی یاسا هەر شوێن و دامەزراوەیەك قازانج بكات، دەبێت باج بداتە گەنجینەی دەوڵەت، بڕی باجی سەپێنراویش لەسەر بنەمای (15%)ی قازانجی دامەزراوەكان وەردەگیرێت، بۆ نموونە كۆمپانییەك 100 دینار قازانج بكات، 15 دیناری لێ وەردەگیرێت، ڕێژەكە وەك خۆیەتی و زیاد نەكراوە وەك ئەوەی هەندێك كەس باسی دەكات، كە بێگومان ڕێژەی وەرگرتنی باج لە هەرێمی كوردستان ڕەمزییە و بەراورد بە ناوچەكانی عێراق زۆر كەمترە".

ناوبراو ڕوونیشی كردەوە: "لە تەواوی دنیادا سەپاندنی باج بەپێی یاسا ڕێك خراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆكارێكە بۆ زیادبوونی داهاتی حكوومەت، ئەوەی تا ئێستا كراوە ئەنجامی دڵخۆشكەری هەیە و لە كۆتایی ساڵدا درەنجامەكانی بە ڕوونی دەردەكەون".

دەشڵێ: "بە دڵنیاییەوە یەكێك لە هۆكارەكانی زیادبوونی داهات و دابەشكردنی مووچە بەبێ لێبڕین، پەیوەندی بە ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و ئەو ڕێكارانەوە هەبووە كە لە بواری سەپاندنی باج لە ماوەی ڕابردوودا گیراونەتە بەر".

 

ئەرسەلان ئەحمەد