Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

باوەڕ، خۆڕاگری و سەرکەوتن

هاودەنگ فاروق 

‎لە سەردەمی حکومڕانیی کوردیدا، یەکەم جارە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لە ڕووی ئابووری و تەندروستی و ناکۆکیی ناوخۆیییەوە، دووچاری یەکێک لە قۆناغە دەگمەنە مێژووییە هەرە سەختەکان بوو. 

‎بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی نالەبار، ئیدارەدانی تەنگژەكان و گەیشتن بە سەرکەوتن، لە ناو بەردەڵانێکی سەختی ناوچەکەدا، خۆڕاگری و سیاسەتی ژیرانە، ملکەچنەبوون و خۆنەچەماندن بۆ داواکاریی ناڕەوا و گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئیڕادە ڕۆڵی گەورە دەبینێ، کە تۆ چۆن بۆ قەزیە گەورەکەی نەتەوە و نیشتمان دەڕوانیت؟ چۆن بۆ بنیادنانی وڵات ئیش دەکەیت؟ چۆن دەتوانی هێز و پێکهاتە پەرتبووەکانی نیشتمان کۆ بکەیتەوە و دەستەڵاتی حکومەتەکەت هەر بەهێز بهێڵیتەوە.

‎گرەوی زۆر لەسەر شکستی حکومەتی کوردستان دەکرا، هەوڵی بێوچانی زۆری نێوخۆیی و دەرەکی درا، کوردستان دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی بێت، هەندێ حزب و کەس و پەرلەمانتاری بەغدا، تەخسیرییان نەکرد بۆ ئەوەی کێشەی میللەتێک لە مووچەدا بچووک بکەنەوە و ئیڕادەی خەڵک لاواز بکەن، بەڵام هیچ لەم هەوڵانە کە بە پلان دەکران سەرنەکەوتن و ئیڕادەی میللەت و حکومەتی کوردستان سەر کەوت.

‎خۆڕاگری و پشوودرێژیی سەرۆکی حکومەت و ستافەکەی و پشتگیریی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی زۆر گرینگ و کاریگەرانەیان هەبوو، لە تێپەڕاندنی تەنگژەکان، کاک مەسرور هونەرێکی زۆر سەرکەوتوانەی لە ئیدارەدانی قەیران و پرۆسەی چاکسازی تاقی کردەوە، توانیی هاوسەنگییەکان ڕابگرێت، نەهێڵێ حکومەت بکەوێت.

‎توانیی حزبەکان و خەڵکی کوردستان لە بەردەم مێژوو و بەرپرسیارێتیی گەورەدا ڕابگرێت. ئەوەی کردی، بۆ کورد نموونەیەکی مەزن و ناوازە بوو، تۆماری مێژوویی بوو، وانەیەک بوو لە خۆڕاگریی و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان، هەروا ئیشکردنێکی هونەرمەندانە بوو بۆ تێپەڕاندن و ئیدارەی ژیرانەی دۆخەکە.

‎کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە، کارێکی ئاسان نەبوو، نزیک بوو لە مەحاڵ، بەڵام دوێنێ بینیمان بڕیاری حەکیمانەی لابردنی پاشەکەوتی مووچە درا و، ئەو بڕیارە دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستانی یەکجار خۆش کرد و، کوردستانیشی بۆ قۆناغێکی دیکە پێشکەوتن و کار و ئاوەدانی و گەشانەوە گواستەوە و سەلماندی، باوەڕ و خۆشەویستیی نیشتمان و گەل و پێداگری لەسەر ماف و ڕاستییەكان، تاكە ڕێگەی سەركەوتنە و ئەوەی لەپێناو خزمەتی گەل و نیشتماندا هەنگاو بنێت، ئیڕادەی میللەتی لە پشت دەبێت و سەركەوتنیشی مسۆگەر دەبێت.