Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

سەلام عەبدوڵڵا

ئێستا دەنگۆی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، بە تایبەت دوای دەستپێکردنی کشانەوەی لە ئەفغانستان، وێردی سەر زمانی زۆربەی عێراقییەکانە بە جیاوازی بیروڕایانەوە کە لە دوو ئاراستەی دیار و ئاشکرادا خۆی دەنوێنێت.

لایەک زۆر بە ڕوونی داوای کشانەوەی ئەمریکا دەکات تا ئاستی دەرکردنیان بە زەبری ھێز و تیرۆر، کە ئامانجیان ناشارنەوە و کاری رۆژانە لەسەر دەکەن و بە شانازییەوە ئەنجامی کارە تیرۆریستییەکانیان دەخەنەڕوو.

لایەنێکیش کە ھیچ بەو بڕیارەی ئەمریکا گەر جێبەجێی بکات خۆشحاڵ نییە و مەترسییەکانی لە ئەنجامی ئەو کشانەوەیە دەخاتەڕوو، ھەروەک ئایندەی کارەساتباری ئەو بڕیارەی لە پێش چاوە کە چی دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا روودەدات و وڵات چۆن نوقمی گۆمی خوێن دەبێت. ئێستا خەڵکی عێراق ئەو پرسیارە لە ئەمریکا دەکەن، بۆ ھاتە نێو عێراق و رژێمی سەدامی رووخاند؟ ئایا بۆ ئەوە نەبوو کە کۆتایی بە سیستەمی دیکتاتۆری (35) ساڵە بھێنیت و سیستەمێکی دیموکراتی و مرۆڤدۆست دابمەزرێنن کە خەڵکی عێراق لە سێبەریدا بتوانن بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بژیت؟

ئایا ئەمە خەڵکی عێراق بە تایبەتی کورد و سوننە پرسیار دەکەن ئێستا لە عێراقدا سیستەمێکی دیموکراتی حوکم دەکات و دەسەڵاتی بە دەستە، یان تایفەیەکی دیاریکراو کە دانوی لەگەڵ دیموکراتییەت و سیکولاردا بە ھیچ شێوەیەک ناگونجێت، ئایا مەبەست لە داگیرکردنی عێراق تەسلیم کردنی وڵات بە دەست میلیشیا جۆراوجۆرەکانەوە بوو کە تەنیا شتێک کۆیانبکاتەوە دژایەتی سیستەمی دیموکراتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنییە و لەو پێناوەشدا سڵ لە گۆمی خوێن و سەرکوتکردنی خەڵک بە زەبری ھێز ناکەنەوە.

ئایا ئەمە مەبەستی ئەمریکا بوو کە ھەزاران سەربازی خۆی لەپێناودا بەخت کرد؟؟.