Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە ئایندەیەكی نزیكدا بانكی نیشتیمانی دادەمەزرێت"

هەولێر-KDP.info- بڕیارە بانكێكی نیشتیمانی لە ھەرێمی كوردستان دابمەزرێت و بەڕێوەبەری گشتیی بانكە بازرگانییەكانیش دەڵێ، رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە و ھاوشێوەی بانكەكانی دیكەی نیشتیمانی لە عێراق، توانای پێدانی پێشینەی ھەیە.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانكە بازرگانییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بڕیارە بانكێكی نیشتیمانی لە ھەرێمی كوردستان دابمەزرێت و قۆناغی زۆر باشی بڕیوە بۆ دامەزراندنی بانكەكە، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی بانكی نیشتیمانی دەربڕیوە و لەلایەن وەزیری دارایی و ئابوورییەوە فەرمانی بۆ دەركراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بانكە بازرگانییەكان گوتیشی، ئەو داواكاریانەی حكوومەتی فیدڕاڵ داوای كردووە، سەرقاڵین جێبەجێیان دەكەین، لە ئایندەیەكی نزیكیشدا رێكارەكانی كردنەوەی بانكێكی نیشتیمانی تەواو دەبن و بانكەكە دادەمەزرێت.

سابیر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بانكی نیشتیمانی بە شێوەی پشك دەبێت و ھەموو ئەو شایستانەی لە بەغدا ھەیە بۆ بانكەكانی عێراقی، بۆ ھەرێمی كوردستانیش دەبێت، ئەو بانكە بە سەرمایەیەكی زۆر دادەمەزرێت و توانای پێدانی پێشینەكانی ھەیە، وەك پێشینەی پیشەسازی و كشتوكاڵ و ئەوانی دیكە.

قائید میرۆ