Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی عەونی بۆ KDP: خۆمان باش ئامادە كردووە

زاخۆ-KDP.info- بەرپرسی لقی هەشتی پارتی لە زاخۆ و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: "ئێمە بۆ ھەڵبژاردن تەواو خۆمان ئامادە كردووە و ئەم ھەڵبژاردنەش لە بەرژەوەندیی حیزبە گەورەكان دەبێت، بەڵام لە عێراق دۆخەكە بۆ ھەڵبژاردن لەبار نییە، ھەر بۆیە چەند لایەنێك خۆیان لەو ھەڵبژاردنە كێشاوەتەوە".

عەلی عەونی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بۆ ئەم ھەڵبژاردنە خۆمان باش ئامادە كردووە و دەستمان بە چالاكییەكانی خۆمان كردووە و كاندیدەكانمان دیاری كردوون، بەڵام ئەم ھەڵبژاردنە لەگەڵ ئەوەی ڕابردوو جیاوازیی ھەیە، چونكە ھەر ناوچەیەك كراوەتە بازنەیەك، بۆیە ئەمە لە بەرژەوەندیی حیزبە گەورەكان دەبێت و ئەوان دەنگ دێنن، ئێمە پێشتریش ئەوەمان ڕاگەیاند، بەڵام حیزبە بچووكەكان بەشدارییان كرد و ئێستا ھەست بەوە دەكەن كە زیانیان بەر دەكەوێت".

بەرپرسی لقی ھەشتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زاخۆ گوتیشی: "ئێمە ھەموو كاتێك بۆ ھەڵبژاردن ئامادەین و لە ھەرێمی كوردستان كێشەمان نییە، بەڵام لە عێراق ئەو كێشەیە ھەیە و دۆخەكە لەبار نییە، چونكە لە ئێستادا چەك لە دەست ھێزەكانی میلیشادایە و سێ لایەنیش خۆیان لەو ھەڵبژاردنە كشاندووەتەوە و بەشداری ناكەن، چونكە دەزانن لە بەرژەوەندیی ئەواندا نابێت و زەرەر دەكەن، بۆیە بەشداری ناكەن".

عەونی دەشڵێ: "ڕەنگە لە داھاتوودا لایەنی دیكەش كشانەوەی خۆیان ڕابگەیەنن، چونكە لایەنێكی وەكو ڕەوتی سەدر كە كشاوەتەوە، كاریگەریی دەبێت، لەبەر ئەوەی ھەست دەكەن ئەو ھەڵبژاردنە شەفاف و بێگەرد نابێت، بۆیە نایانەوێت بەشداری بكەن".

 

بڵند ئیبراھیم