Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وه‌زاره‌تی شەھیدان: ھیچ كەسێك لە دەرەوەی یاسا لەنێو لیستی شەھیداندا نامێنێت

هەولێر-KDP.info- حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە چاكسازیكردن لە لیستی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی بەردەوامە و، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالكراوانی ھەولێریش دەڵێ، بە ھۆی چاكسازییەوە ئەوانەی بە نایاسایی بە شەھید تۆمار كراون، ھەموویان لادەبرێن.

داماو محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالكراوانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەردەوام چاكسازی و پاكسازی لە لیستی شەھیدان و زیندانیانی سیاسیدا دەكرێت و پلان وایە ھیچ كەسێك لە دەرەوەی یاسا لەنێو لیستی شەھیداندا نەمێنێت، چونكە ئەگەر پێشتر خەڵكێك بە ھەر ھۆكارێك ناوی بە شەھید تۆمار كرابێت، دوای لێكۆڵینەوە ناوەكەی لادەبرێت، ئەمەیش بەردەوام ھەبووە و پێداچوونەوە بە لیستی شەھیداندا كراوە".

بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالكراوانی ھەولێر دەشڵێت: "كاتی خۆی كە دەزگای شەھید بووە وەزارەت، تەنیا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە ھەژدە ھەزار كەس وەك شەھید تۆمار كرابوون، بەڵام ئێستا تەنیا دوازدە ھەزار كەس وەك كەسوكاری شەھید مووچە وەردەگرن، ئەوەش دوای پاكسازی لە لیستی شەھیدان".

محەمەد روونیشی كردەوە: "دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی، ئێمە كار بۆ پێداچوونەوەی مەلەفی ھەموو شەھید و زیندانییەكی سیاسی دەكەین، ھەتا فەرمانبەرانی ئێمە دوای دەوامیش بەردەوامن لە كاركردن بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی".

لەبارەی گواستنەوەی مەلەفی شەھیدانی شەڕی داعش بۆ سەر وەزارەتی شەھیدان، ناوبراو گوتی: "پێشنیاز كراوە بۆ چارەسەركردنی پرسی شەھیدانی شەڕی داعش، چونكە تا ئێستا ئەوان مووچەیان لەلای وەزارەتی پێشمەرگەیە".

 

قائید میرۆ