Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌کات

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌ بۆنه‌ی دوازدە ساڵه‌ی دامه‌زراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی له‌ ڕێكخه‌ری گشتیی و ئه‌ندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی و سەرجەم ئەندام و لایه‌نگرانی بزووتنەوەی گۆڕان ده‌كات.

ده‌قی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بەڕێز عومه‌ر سه‌ید عه‌لی،

ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، له‌ یادى دوازدە ساڵه‌ی دامه‌زراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا، به‌ گه‌رمی پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێزتان و ئه‌ندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی و سەرجەم ئەندام و لایه‌نگرانی بزووتنەوەکەتان ده‌كه‌م.

بزووتنەوەی گۆڕان وەک لایەنێکی کاریگەر، ڕۆڵ و سەنگی بەرچاوی لە کایە و پرۆسەی سیاسیی کوردستاندا هه‌یه‌، ئەو پرۆسەیەی ئەمڕۆ لە هەرکات زیاتر یەکڕیزی و پێکەوەیی لە هەموو لایەک دەخوازێت.

هیوادارم ئەم یاد و بۆنانە ببنە دەرفەتی قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی، پتەوکردنی پەیوەندی و هاوخەباتیی نێوان لایەنەکان، کاری هاوبەش بۆ چارەی قەیران و گرفتەکان بەرەو پاراستنی ماف و ده‌سکه‌وته‌کان و بەدیهێنانی ژیان و گوزەرانێکی باشتر بۆ گەلی کوردستان. دووباره‌ پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢١/٧/٢٥