Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بابەکر زێباری: ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمەریکا ئەم جارە وەکوو ساڵی ٢٠١١ عێراق بەتەنھا جێ ناھێڵێت و ناکشێتەوە، چونکە ئەو کاتە کە عێراقی جێ ھێشت زیانی زۆر بەر عێراق کەوت و دۆخی ئەمنیی عێراق بەتەواوی تێک چوو. ئاماژەیشی دا، ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە و ئەگەر لە عێراقیش بکشێنەوە لە ھەرێمی کوردستان دەمێنێنەوە.

بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١١دا کاتێک ھێزەکانی لە عێراق کشاندەوە زیانی زۆر بەر عێراق کەوت، لە کاتێکدا بڕیار بوو سوپای عێراق تاوەکوو ٢٠٢٠ خۆیان ڕێک بخەنەوە و وڵات بەڕێوە ببەن، بەڵام نەیانتوانی ئەو کارە بکەن، بگرە دۆخی عێراق لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر خراپ بوو و بەتەواوی تێک چوو."

ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی گوتیشی: "ئەو کاتە ئەمەریکا پێش ئەوەی لە عێراق بکشێتەوە ھەموو ھاوکارییەکی لە ڕووی مەشق و ڕاھێنان و پڕچەککردن و پێداویستیی لۆجستی بۆ ھێزە عێراقییەکان دابین دەکرد، بەڵام فشاری زۆری وڵاتان لەسەر عێراق ھەبوو، سور بوون کە ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە."

بابەکر زێباری باسی لەوەش کرد: "ئەمەریکا ھەمان سیناریۆی ٢٠١١ دووبارە ناکاتەوە و لە عێراق ناکشێتەوە، چونکە ئێستا فشاری کەمتریش لەسەر عێراق ھەیە و بەردەوام ھاوکاریی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دەکات، لە ھەموو بوارەکاندا وەکوو ئاسمانی و ھەواڵگری و پرچەککردن و مەشق و ڕاھێنان. جگە لەوەش، ھاوکاری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت لە ڕووی سیاسی و ئابووریشەوە."

گوتیشی: "ھەرچەندە ئەمەریکا لە عێراق ناکشێتەوە، بەڵام ئەگەر لە عێراقیش بکشێتەوە لە ھەرێمی کوردستان دەمینێتەوە، چونکە خۆم زۆر جار لەگەڵ ئەمەریکییەکان دانیشتووم، باسیان لەوە کردووە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوان زۆر گرنگە لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش ئەوانیان خۆش دەوێت و جگە لەوەش شوێنی ھەرێمی کوردستان کە دەکەوێتە نێوان چەندین وڵات ئەمەش گرنگیی زۆری بۆ ئەوان ھەیە."

ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی ڕایشیگەیاند: "ئەو ھێرشانەی دەکرێتە سەر بنکەکانی ھاوپەیمانان لەلایەن ھێزە میلیشیایییەکانی عێراقەوە، ھاوکاری لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن، بەڵام حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەواندا نییە، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر حکوومەتی عێراق و واتای ئەوە دەدات کە ھێشتا عێراق پێویستی بە ئەمەریکا ھەیە."

بابەکر زێباری ڕوونیشی کردەوە: "ئەمەریکاش تاوەکوو ئێستا وەکوو پێویست کاردانەوەی نەبووە بەرانبەر ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەوان و ئەم ئیدارەی تازەی ئەمەریکا ھەندێک جیاوازترە و سسترە لەوەی ڕابردوو، بۆیە پێویست بوو ئەوانیش کاردانەوەیان ھەبێت بەرانبەر ئەو ھێرشانە دەکرێتە سەر بنکەکانیان لەلایەن میلیشیاکانەوە."

 

بڵندئیبراھیم