Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"تەندروستی ھەولێر ھۆشداری دەدات"

ھەولێر-KDP. info-  گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندرووستی هەولێر دەڵێ، بەداخەوە دوێنێ ٥ كەس لە هەولێر بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، بۆ رۆژانی جەژنیش تیمی ٢٤ کاتژمێری لە بەشەکانی فریاکەوتن پێشوازی لە هەر حاڵەتێکی لە ناکاو دەکەن.

بژار موسا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندرووستی هەولێر، لەكۆنفڕنسێكی رژنامەوانیدا بۆ مێدیاکان رایگەیاند، بەداخەوە گەیشتووین بەوەی زۆرترین ژمارەی تووشبوون تۆماربكرێت، دۆخەكەش زۆر مەترسیدارە لە رووی تووشبوون و ژمارەی مردووان، بۆیە داواكارین هاووڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندرووستییەكان بن و لە جەژندا دووری كۆمەڵایەتی بپارێزن.

باسی لەوەشكرد، تائێستا لە سەرووی ٦٠ هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە، بڕیارە دوای جەژن لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی عێراق هەماهەنگی زیاتر بكەن، بۆ ئەوەی ڤاكسینی زیاتر هاوردە بكرێت، دڵنیاییشی دا، ئەوانەی ڤاكسین وەردەگرن لە٩٠٪ پارێزراو دەبن لە تووشبوون بەكۆرۆنا.

سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی جەژن ئاماژەی بەوەدا، کە لە رۆژانی جەژندا، تیمی ٢٤ كاتژمێری لە بەشەكانی فریاكەوتن پێشوازی لە هەر حاڵەتێكی لەناكاو دەكەن، چ لە نێو شاری هەولێر، یا شارۆچكە و شارەدێیەكان، لەهەمانكاتدا پشكنینی كۆرۆنا لە بنكەكانی تایبەت بە پشكنین بەردەوام دەبێت و سەنتەری كۆرۆناش پێشوازی لە تووشبووان دەكات.

لەبارەی قوربانیكردن ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، کە نابێت ئاژەڵی قوربانی لە كۆڵانەكان ئەنجام بدرێت و، پێویستە لە سەربڕخانەكان بێت و بەدەستی خاوێن و پاك ئەنجام بدرێت.