Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داماو محەمەد: لە ھەولێر ١٥٠٠ وارسی شەھیدان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی

لەسەر فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران زەوی بۆ خانەوادەی ئەو شەھیدانە دابین دەکرێت کە پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەوییان ھەبووە و بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدانی ھەولێریش دەڵێت، لە سنوری پارێزگای ھەولێر یەک ھەزار و ٥٠٠ وارسی شەھید سوودمەند دەبن.

داماو محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر لە شاری ھەولێر چوار ھەزار و ٧٠٣ پارچە زەوی لە کەرتی باغەمرە بەسەر کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراواندا دابەش کراوە، دوای ھەوڵێکی زۆر دەست بە تاپۆکردنی ئەو زەوییانە کراوە و تا ئێستا ژمارەیەک لەو زەوییانە کراونەتە سەنەد و بڕیارە ھەموو ئەو زەوییانەی پێشتر بەسەر کەسوکاری شەھیدان و شەھیدانی جینۆسایددا دابەش کراون و کارتن، دەکرێن بە تاپۆ."

بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر دەشڵێت: "وەجبەی ھەشتەمی زەوی بەسەر کەسوکاری شەھیداندا دابەش دەکرێت و فەرمانی وەرگرتنی زەوی بۆ ١٥٠٠ وارسی شەھیدان لە وەزارەتی شەھیدانە و بڕیارە زەوییان بۆ دابین بکرێت."

داماو محەمەد ڕوونی کردەوە: "لەگەڵ بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی زەوی تا لەسەر ئەو وارسانەی شەھیدان دابەش بکرێت ئەوانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان ھەیە، ئێمەیش ھەوڵەکانمان چڕ کردووتەوە تا لە ئایندەیەکی نزیکدا زەوی بەسەر کەسوکاری شەھیداندا دابەش بکرێت، چونکە بڕیاری سەرۆکایەتیی حکوومەتە ھەر خانەوادەیەکی شەھید فەرمانی وەرگرتنی زەویی ھەبێت سوودمەند دەبێت."

 

قائید میرۆ