Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خانەنشینیی ھەرێم: ئەندام پەرلەمانەكان ماون چاكسازییان تێدا بكرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، تا دوای جەژنی قوربانی پێویستە سەرجەم پلە باڵاكان ئەو فۆڕمەی كە بەسەریاندا دابەش كراوە، بیگەڕێننەوە، ئەگەرنا رێكاریان بەرامبەر دەگرێتە بەر و مووچەیان رادەگیرێت تا فۆڕمەكە دەگەڕێننەوە.

سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە ئێستادا لە پلە باڵاكان تەنھا ئەندام پەرلەمانەكان ماون چاكسازییان تێدا بكرێت، كە ژمارەیان ٤٣٠ ئەندامە و بڕیارە دوای جەژن دەست بە چاكسازی لە ناوی ئەوانیشدا بكرێت.

موخلیس گوتیشی: "بۆ دیاریكردنی ئەو كەسانەی بە پلە باڵا خانەنشین بوونە، فۆرمێكمان دابەش كردووە تا بزانین كێ بە فیعلی پلە باڵا بووە و خانەنشین بووە و كێش كەموكوڕیی ھەیە و كێ نایاساییە، كە لە رێگەی ئەو فۆڕمەوە ھەموو وردەكارییەكانمان بۆ ئاشكرا دەبێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "تا ئێستا نزیكەی ھەزار فۆڕممان بۆ گەڕاوەتەوە و بەشێكیشی ماون و پێویستە تاوەكو دوای جەژن ئەوانیش بیگەڕێننەوە، ئەگەرنا رێكاریان بەرامبەر دەگرینە بەر وەكو راگرتنی مووچە تا فۆڕمەكە دەگەڕێننەوە، چونكە پێویست بوو پێش جەژن فۆڕمەكە بگەڕێننەوە".

دەشڵێ: "چاكسازی لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار و وەزیر و بریكارەكاندا كراوە، بەڵام لەو فۆڕمەدا دیار دەبێت بۆ نموونە كێ وەزیر بووە و چەند خزمەتی ھەبووە و بە فیعلی وەزیر بووە یان نایاسایی بووە، ئەوانەمان ھەموو بۆ جیا دەكاتەوە، بۆیە ئەو فۆڕمە ھەموو خاڵێكی تێدایە و بۆ ئێمە گرنگە و دیاری دەكات كە كێ بە فیعلی خانەنشینی پلە باڵایە و كێش نایاساییە".

 

بڵند ئیبراھیم