Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زیرەك كەمال: ھەرێم رایەڵەی پەیوەندییەكانی پتەوە و سیاسەتێكی ژیرانەی نێودەوڵەتیی دروست كردووە

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەشداریكردنی ھەرێمی كوردستان لە دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریكا، گرنگە و بۆ سەركەوتوویی ساسەتی سەركردایەتیی ھەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە بە شێوەیەكی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ وڵاتاندا دەكات.

زیرەك كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئامادەیی ھەرێمی كوردستان لە ھەموو چالاكییە سیاسییەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و بازرگانییەوە زۆر گرنگە و ھەموو وڵاتان دەرگایان بە ڕووی ھەرێمی كوردستاندا دەكەنەوە بۆ ئاڵوگۆڕ، جا لە ھەر بوارێك بێت، ئێستاش ھەرێمی كوردستان بە حوكمی ئەوەی بەشێكە لە عێراق، تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، ئەمەش بۆ سەركەوتوویی سیاسەتی سەركردایەتیی ھەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە و بە حوكمی ئەوەی ھەرێمی كوردستان رایەڵەی پەیوەندییەكانی پتەوە و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ وڵاتاندا دەكات، بۆیە سیاسەتێكی ژیرانەی نێودەوڵەتیی دروست كردووە، ئەمەش سەنگ و پێگەیەكی بەھێزی بۆ ھەرێمی كوردستان دروست كردووە.

كەمال گوتیشی، ئێستا ھەرێمی كوردستان لە زۆرینەی كار و چالاكییە نێودەوڵەتییەكاندا داوەت دەكرێت و بەشدار دەبێت، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی كوردستان كە ئەو پێگە بەھێزەی لای وڵاتان ھەیە.

دەشڵێ، ئەمەریكا دەزانێت ڕاستە ھەرێم بەشێكە لە عێراق  لە ڕووی دەستوورییەوە، بەڵام تایبەتمەندیی خۆی ھەم لە ڕووی دەستوورییەوە شەرعیەتی پێ دراوە و هەم سەرۆك و ئاڵا و پەرلەمانی خۆی ھەیە و كۆنسوووڵخانەی زۆرینەی وڵاتانیش لێرەن، بۆیە لە كۆنفرانسێكی وا گرنگدا بەشداریی پێ دەكرێت و بایەخی پێ دەدرێت.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەو دیالۆگە ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی ھەرێم و حكوومەت بەشداریی تێدا دەكەن، ئەوەی گرنگە ھەرێمی كوردستان بەشداری دەكات و بڕیارە ٢٥ی مانگ كۆنفرانسەكە بەڕێوە بچێت.

مەبەست لە ئەنجامدانی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریكا بە بەشداریی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەیە گفتوگۆ لەبارەی كشانەوەی ھێزی ئەمەریكا لە عێراق بكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم