Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجامی تەرمەکانی نێو بارەگای سەرکردایەتی ئاشکرا بوو

دوای ڕووداوەکانی 16ی ئوکتۆبەر دوو تەرم لەنێو بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک دوزرانەوە و بەرپرسێکی پارتییش دەڵێت، ئەو تەرمانە پشکنینیان دەرچووە و دوای دەرچوونی پارتی لە کەرکووک کوژراون.

ئارام ئەحمەد، کارگێڕی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک و هەندێ لایەن بۆ ئەوەی پارتی ناشیرین بکەن کوشتنی ئەو دوو کەسەی تەرمەکانیان لەنێو بارەگای سەرکردایەتیی پارتی دوزرانەوە پارتییان پێ تۆمەتبار کرد، بەڵام هەر لە سەرەتاوە ئێمە وەک پارتی تۆمەتەکانیانمان ڕەت کردەوە، چونکە پارتی ئەو حزبە نییە لەنێو بارەگای خۆی خەڵک بکوژێت و تەرمەکانیشیان لەنێو بارەگای خۆی فڕێ بدات''.

بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک گوتی: "پارتی داوای لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوی کوشتنی ئەو دوو تەرمە کرد و پێداگر بووین لەسەر ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بۆ خەڵکی کەرکووک و ڕای گشتی.''

ئارام ئەحمەد ڕوونی کردەوە: ''ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەو دوو تەرمە دەرچووە و دەرکەوتووە هەردوو کەسی کوژراو چوار مانگ دوای خیانەتی 16ی ئوکتۆبەر کوژراون، ئەوکات پارتی لە کەرکووک نەبووە تا خەڵک بکوژێت و تەرمەکانیان فڕێ بدات، لەو سەردەمە پۆلیسی فیدڕاڵی لەنێو بارەگای سەرکردایەتیی پارتی جێگیر بوونە."

لەبارەی ناسنامەی دوو تەرمەکەوە ئارام ئەحمەد دەڵێت: "هێشتا ناسنامەی ئەو دوو کەسە کوژراوە دیار نییە، بەڵام مێژووی کوشتنیان دیارە دوای داگیرکارییەکەی کەرکووک کوژراون."

قائید میرۆ