Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسرور بارزانی .. پیاوە ئاوریشمییە پۆڵایینەکە بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەرکەوت و ئەستەمەکانی تێپەڕاند

د.محمد خدر مولود 

دووساڵ بەر لە ئەمرۆ، کاتێ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتەکەی پێشکەش کرد، بە بڕواو متمانە بەخۆبوونەوە بڕگەکانی بەرنامەی کاری دەخوێندەوە ودڵنیایی ئەوەشی دەدا، کە بەسەر ئاستەنگ و لەمپەرەکاندا زاڵ دەبێت.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئان و ساتێکدا لەدایکبوو، لێکەوتەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، شکستی هێرشبەرانیان لە پردێ و سحێلا، بەردەوامی  لە بڕینی بودجەوموچە و شایستە داراییەکانی کوردستان هەر جارێ بە ئاین و ئۆن و هەنجەتێکی بەغداوە، پلان و ئەجندای هەمەجۆری دەرەکی و ناوخۆی دژە کورد، سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا کۆڤید 19 و تەشەنەسەندی هەموو ئەوانە کۆسپ و  لەمپەرو ئاستەنگ بوون لەبەردەم نەخشە و بەرنامەی چاکسازی و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریدا تا ئەو درووشمەی خودی سەرۆک وەزیران بەرنامەی کاری کابینەکەی لەو پێناوەدا دارشتبوو، نەخشەڕێگای گەیشتن بە (کوردستانێکی بەهێزتر) سەختی و دژواری کەمتربێ.

ئەوسا، دووساڵ بەر لە ئەمڕۆ کاتێ مەسرور بارزانی کابینەی حکوومەتەکەی راگەیاند، بەرێزیان بەر لە هەمووان دەیزانی و هەستی پێکردبوو (نەخشەڕێگای گەیشتن بە کوردستانێکی بەهێزتر) گوڵڕێژکراو و راخراو نییە بە فەرشی سوور، بەڵکو دژواری و ئاڵنگارییەکانی قۆناغەکە، پلان و ئەجندا دژەکان، هاوتەریبی نەخشەڕێگایەکەی ئەون و تا بکرێ و بۆیان بلوێ و برەخسێ ئەوانیش لەململانێ و رووبەڕووبوونەوەی دا دەبن و دەبنە ئاستەنگ و لەمپەری هەمەجۆری بەردەمی .

بۆیە لەبەرامبەر ئەمەدا کەسان و لایەن هەبوون گرەویان لەسەر شکست و نشوشتی حکومەتەکەی و تەنانەت کەسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەکەش دەکرد.

ئەو هەموو گرفت و تەنگژەو قەیرانی سیاسیی و ئابووری و ئیداریی و ئاسایشیی و میدیای ئاراستەکراوەی لەوماوەی ئەو دووساڵەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا هاتووبووتە پێش و بەگڕکەوتبوون، گەر بیانژمێرین کەم نەبوون، تا بتوانن تۆوی رق و کینە و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و دووبەرەکی و دوو ئیدارەیی و نا ئارامی و تەنانەت ترس و تۆقاندنیش لە نێو ناخی یەک بەیەکی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستانی دا بڕوێنن. 

لە ماوەی ئەم دووساڵەدا، ئەجندا دژ و ناحەزەکان چما نەیکەن ..؟ چ کرێتییەک هەبوو پەیڕەویان نەکردبێ ..؟ هەربۆهیچ نەبووبێ، تەنیا بۆ ناشیرین کردن و ناوزڕاندنی کورد و حکومەتەکەی و ناشیرین و ناوزراندنی کابینەکە. 

لە بەرامبەریشدا حیکمەت و وردبینی و ئایندەبینی و روانین و رامانی بەرپرسانەی سەرۆکی کابینەی نۆیەم، هەموو ئەگەر و پێشهات و خەیاڵ پڵاوی و گرەوەکانی خاوەن ئەجنداکانی گۆڕەوشار کردەوە. 

مەسرو بارزانی، پیاوە ئاوریشمییە پۆڵایینەکە، سەڵماندنی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بوژاندنەوەی ئابووری، بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایین و ئاینزا، بۆ دیموکراسیەت و رای بەرامبەر، بۆ تەبایی و مافەکانی ژیانی موزایکی کوردستانی ڕوون و ڕەوانە، پیاوە ئاوریشمییەكە خاوەن میتۆدۆ هەڵگری کەلتوری باوباپیران و رێبازی پارتی و بارزانییە، ڕاشکاو و راستگۆیە، بوێر و ئازا و زرنگە، پۆڵایینە بۆ گەندەڵی و قۆرغکاری و ناحەز و نەیاریش وەک ژمارەیەکی سەنگین سەیری دەکا. بەڕادەیێ، هەژاری شاعیر گوتەنی :

دوژمن لە زەبری دەتاسێ .. کێ هەیە بارزانی نەناسێ .

نهێنی سەرکەوتنی مەسرور بارزانی، پیاوە ئاوریشمییە پۆڵاینەکە هەر لەوەدا نییە وەک هەندێ لە چاودێران تەنیا وای دەبینن کە کوڕی گەورەی سەرۆک و رابەر و پێشمەرگەی کوردستان مەسعود بارزانی یە، ئەوخاڵە و ئەو بۆچوونە گەر هۆکارێکی بۆماوەیی و کەلتوری پێشینەی باوانیش بێ، بەڵام کەسایەتی و هەڵکەوتوویی ئەو و ئەزموونی کاری سیاسیی و دبلۆماسیی و چاوکراوەیی و ژیری و بوێری خودی مەسرور بارزانی لە ئەرک و پۆستە ئیداری و سیاسیی و پاراستنی ئاسایشیی کوردستان لە سەردەمە سەختەکاندا، گەواهیدەری  ئەو راستییەن. 

هەروا گەواهی ئەو سەرکەوتن و ئەو سەرکردایەتییە حەکیم و ژیرانەشی بۆ دەدەن کە رابردوویەکی بەرپرسانەی مەزنی هەبووە لە ئاست بەرپرسیارەتیدا بۆ پاراستنی سەرفرازی و شکۆ و بەرز راگرتنی ئیرادەی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلێکی ستەمدیدەی وەک گەلی کوردستاندا.

هەولێر 10-7-2021