Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

" لە تورکیاوە ١٠٠ مێگاوات کارەبا ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت"

بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی کارەبای نیشتمانیی ھەرێمی کوردستان لەم حەفتەیەدا ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە ھاوردەی پارێزگای دھۆک دەکرێت و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دھۆکیش دەڵێت، ئەو ١٠٠ مێگاواتە بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستانە و تێکەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەکرێت.

شاکر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خەریکی کارکردنین لە کاراکردنی ھێڵی ١٣٢ کەیڤی لە وێستگەی کواشێ بۆ زاخۆ، بەوەش کارەبا لە تورکیاوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە دەگەیەندرێتە وێستگەی دوبانێی قەزای سێمێل و بەوەش ڕێژەی ئەو کارەبایەی لە تورکیاوە ھاوردە دەکرێت دەگاتە سەرووی ٢٠٠ مێگاوات."

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دھۆک گوتیشی: "ئەو ١٠٠ مێگاوات کارەبایە دوای گەیشتنی بە ھەرێمی کوردستان تێکەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەکرێت و بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان دەبێت."

شاکر مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "زیادکردنی ئەو ١٠٠ مێگاوات کارەبایە کاریگەریی لەسەر باشتربوونی ڕەوشی کارەبای نیشتمانیی ھەرێمی کوردستان دەبێت و پێشبینی دەکرێت لەم حەفتەیەدا ئەو بڕە کارەبایە بگاتە ھەرێمی کوردستان و تێکەڵی تۆڕی نیشتمانی بکرێت."

قائید میرۆ