Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سامان عارەب: لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژە لە ھەولێر دادەنرێت

لە شاری ھەولێر ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی دەکەونە بواری جێبەجێکردن و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێریش پێی وایە، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە کاریگەریی لەسەر ھەلی کار و بووژانەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەبێت و دەشڵێت، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی چینی لە ھەولێر دادەنرێت.

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری ھەولێر جێبەجێ دەکرێت و بە ھەزاران ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان دەڕەخسێندرێت، یەکێک لەو پڕۆژانە پڕۆژەی (ھەپی ستی)یە لە شاری ھەولێر کە سێ پڕۆژەی ھاوشێوەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست درووست کراون و یەکێک لەو پڕۆژانەش لە شاری ھەولێر درووست دەکرێت، بە ھەمان قەبارە و بە گوژمەی پێنج ملیار دینار دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە."

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر گوتی: "پڕۆژەی ''ھەپی ستی'' دەکەوێتە گوندی ئاشۆکانی نزیک شاری ھەولێر و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەردی بناغەی پڕۆژەی ھەپی ستی دادەنرێت، تەنیا لەو پڕۆژەیەدا ھەشت ھەزار ھەلی کاری تێدایە و ساڵانە ١٤ ملیۆن گەشتیار سەردانی دەکەن."

سامان عارەب ڕوونی کردەوە: "چەند پڕۆژەیەکی دیکەی گەشتیاری و پیشەسازی جێبەجێ دەکرێن، لەوانەش کارگەیەکی بەرھەمھێنانی ئاسن و شیش لە ناوچەی پیشەسازیی تیمار درووست دەکرێت، کە ڕێژەی بەرھەمھێنانی لە ھەموو کارگەکانی عێراق زیاترە، چەند پڕۆژەیەکی دیکەش لە پلانی حکوومەتدان، ھەموو ئەو پڕۆژانە ھەم ھەلی کار دابین دەکەن بۆ ھاووڵاتییان، ھەم دەبنە ھۆی بووژانەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان''.

قائید میرۆ