Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سکرتێری پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا و شاندێکی یاوەری سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ی کرد

لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی دێسکی ئەورووپا و ئەندامانی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی کرا لە بەڕێز، ڕۆبن ڤاگنسبێرگ، سکرتێری پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا و شاندێکی یاوەری کە لە یەکەم سەردانیاندا بۆ هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە پەرلەمانتارانی کەتەلۆنیا و جێگری پارێزگای بەرشلۆنە و بەڕێوەبەری پرۆگرامی بنیادنانی ئاشتی و دژی توندوتیژی و ئەندامی بۆنەکانی بەرشلۆنە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێکخراوی ئاشتی و دژی توندوتیژی و ڕێکخراوی ڤێنسنت فیر بۆ بنیادنانی پەیوەندیی سیاسی و دۆستانە و برەودان بە پشتگیری و هاوکاریی نێوان هەرێمی کەتەلۆنیا و هەرێمی کوردستان لە چەندین بواری جێی بایەخی نێوان هەردوو هەرێمدا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیان کردووە کە دواتر شاندەکە بۆ ئاشنابوون بە دۆخی مرۆیی و سیاسی، هەروا سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردبوو.

ڕۆبن واگنسبێرگ، سکرتێری پەرلەمانی کەتەلۆنیا و سەرۆکی شاندی باڵای پەرلەمانی کەتەلۆنیا پیش کۆتاییهاتنی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەل ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندی هەرێمی کەتەلۆنیا و ئەندامی ڕێکخراوی ئاشتی و دژی توندوتیژی و ڕێکخراوی ڤێنسنت فیر/ ئیسپانی بۆ هاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارەکان، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەتایبەتی سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)یان کرد.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان و ستافی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەگەرمی بەخێرهاتنی سکرتێری پەرلەمانی هەریمی کەتەلۆنیا و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست سەردانی شاندی باڵای پەرلەمانی کەتەلۆنیا ببێتە سەرەتایەکی باش بۆ ئاڵوگۆڕی شاندی هەردوو لا بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دۆستانەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەڵانی کەتەلۆنیا و ئیسپانیا لە هەموو بوارەکانی جێی بایەخ بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و لێکتێکگەییشتن و هاوکاری و هاوهەڵوێستی لە بواری ئاشتی و دیالۆگ و لێبووردەیی و دژی توندوتیژی لە کوردستان و کەتەلۆنیا و ئیسپانیا و لە هەموو شوێنێکی جیهان.

لە دیدارەکەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) شێکردنەوەیەکی مێژوویی و سیاسی و ستراتیژی و شیکاریی خستە ڕوو لەسەر دۆزی ڕەوای گەڵی کورد و خەباتی ئاشتییانەی نەتەوەی کورد و پێکهاتەکانی لەپێناوی گەیشتن بە ماف و ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سەربەخۆیی کە لە مێژوویی هاوچەرخی کوردستاندا بە توندترین شێوە و مێتۆدی نامرۆڤانە و پەیڕەوکردنی سیاسەتی تواندنەوە و قڕکردن و جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و ئەنفاڵ و ڕاگواستنی بەکۆمەڵ و بە سەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخوازی و ئاشتیخوازی و سەربەخۆییخوازی، گەلی کوردستان توانیویەتی لەپێناوی مانەوەیدا قوربانییەکی مەزن پێشکەش بکات کە ئەزموونی سیاسی و دیموکراسیی هەریمی کوردستان بەرهەمی ئەم تێکۆشانەیە کە ئێستا جیا لەوەی لە سەردەمی حوکمڕانی و خۆبەڕێوەبردنی کورد لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم هەرێمە بە هەرێمێکی جیاواز لە عێراق و ناوچەکە و جیهان سەیر دەکرێت لە ڕووی لێبووردەیی و کەلتووری بەرزی پێکەوەژیانی ئایینی و ئیتنی و نەتەوەیی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا کە بە ئاشتییانە کۆمەڵگایەکی دوور لە توندوتیژییان بنیاد ناوە کە ڕێز لە ماف و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ و تاکەکانی و پێکهاتەکانی دەگیرێت و بووەتە شوێنی داڵدەدانی هەزاران کەس لە ئایین و نەتەوەی جیا جیا، کە بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیری و توندوتیژی و پەلامار و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و ڕێکخراو و میلیشیا چەکدارە توندڕەوەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەوە ڕوویان لە هەریمی کوردستان کردووە. لە کاتێکدا کە هەریمی کوردستان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و پەلامارە تیرۆریستییەکانی داعش و ڕێکخراوە چەکدارە توندڕەوەکانی تر لە ناوچەکەدا لە بەرەی پێشەوەی شەڕی تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووە و فراوانترین بەرەی جەنگی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی گەل و خاک و پێکهاتە ئایینی و ئیتنییەکان لە ناوچەکەدا هەبوو، هەروا بەهۆی بڕینی بوودجە و مووچە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووری عێراقی فیدراڵدا دانی پێدا نراوە، بەڵام لە کوردستان بە قارەمانیەتیی هێزەکانی پێشمەرگە و گەلی کوردستان مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهانی بە پشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش تێک شکنێرا و نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی جەنگی داعش لە کوردستان گیرسانەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان بە ئیمکانیاتی زاتیی خۆیان و بە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی خێرخوازییە نێودەوڵەتییەکان توانی بە شایستەترین شێوە ژیان و گوزەران و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، کە سەرەڕای نەمانی داعش بەهۆی نەبوونی ئاساییش و سەقامگیری و بوونی هەڕەشە و مەترسییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ژیانی سەرەتایی زۆرێک لە ئاوارەکان هێشتا لە هەرێمی کوردستان دەژین.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەشدا دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان و، پەیوەندییەکانی نیوان هەریمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ و وڵاتانی ناوچەکە و، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و، هۆکارەکانی ئەنجامدانی گشتپرسی (ڕێفراندۆم)ی سەربەخۆیی لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ و قۆناغی پۆست داعش و پۆست ڕێفراندۆم و ڕەهەندەکانی ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و بەرواردێک لەگەڵ ڕێفراندۆمی هەریمی کەتەلۆنیا و داوا ڕەواکانی هەردوو نەتەوەی کورد و کەتەلۆنی کە خوازیارن بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ و مێتۆدی سیاسی و یەکتر قبووڵکردن بە ئاشتی و ئارامی لەگەڵ نەتەوەکانی تردا بژین، تەوەرێکی تری گفتۆگۆی سیاسیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بوو لەگەڵ سەرۆکی شاندی باڵای پەرلەمانی کەتەلۆنیا.

بەڕێز ڕۆبن واگنسبێرگ، سکرتێری پەرلەمانی کەتەلۆنیا و سەرۆکی شاندی باڵای هەرێمی کەتەلۆنیا، شاگەشکەییی خۆی و ئەندامانی شاندی پەرلەمانی کەتەلۆنیا و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی تری شاندی هەرێمەکەی بۆ کوردستان پێشان دا و هەروا سەرسامیی خۆیانی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و سەقامگیری و ئاشتی ناوخۆیی و لێبووردەیی و کەلتووری بەرزی پێکەوەژیانی نێوان هەموو ئایین و نەتەوەکان و دۆخی مرۆییی ئاوارەکانی لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و ڕایگەیاند، لەم سەردانەیاندا سەردانی پەرلەمان و دامەزراوەکانی هەریمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووە و بۆ بنیادنانی پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە یەکێ لە کۆنترین و بەهێزترین پارتی سیاسییە لەسەر ئاستی هەریمی کوردستان و عێراق و وەک پارتی دەسەڵاتدار و خاوەنی پڕۆژەی نیشتمانی و نەتەوەیی و بە پێشەنگی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ناوبانگی دەرکردووە لە هەریمی کوردستان، بە دڵخۆشییەوە خوازیار بوون لەم سەردانەی شاندەکەیان بۆ هەریمی کوردستان لەگەل پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆ ببنەوە و خوازیارن بە ئاڵوگۆڕی شاند لە نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نێوان پارتە سیاسییەکان، پەرلەمان و دامەزراوەکانی هەردوو هەرێمی کەتەلۆنیا و کوردستان فراوانتر بکەن و لەم سەردانەیاندا بانگهێشتی شاندێکی باڵای هەریمی کوردستانیان کردووە بۆ سەردانی هەریمی کەتەلۆنیا و بەنیازن لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا شاندێکی باڵای سیاسی و پەرلەمانیی هەرێمی کەتەلۆنیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە. هەروا سکرتێری پەرلەمانی کەتەلۆنیا خوازیاری فراوانکردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی سیاسیی نێوان پارتەکەی (پارتی چەپی کۆماری کەتەلۆنیا)ی سەربەخۆییخواز بوو لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە بە هەمان شێوە هەڵگری بیری نیشتمانی و نەتەوەیییە بۆ گەلی کەتەلۆنیا و پێشەنگی خەباتی سەربەخۆییخوازانەیە بۆ هەرێمی کەتەلۆنیا. شایانی باسە لە ١٤ی شوباتی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی گشتی و هەرێمی لە کەتەلۆنیا بەڕێوە چوو کە سەرەڕای دۆخی مەترسیداری کۆرۆنا لە کەتەلۆنیا و ئیسپانیا، بەڵام ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگدەرانی هەرێمی کەتەلۆنیا دەنگیان بە پارتە سەربەخۆییخوازەکانی هەرێمی کەتەلۆنیا دا و لە ئەنجامدا لە کۆی ١٣٥ کورسیی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا، پارتی سۆسیاڵ دیموکراتی کەتەلۆنیا(PSC)  بە پلەی یەکەم ٢٣% دەنگەکان و ٣٣ کورسیی پەرلەمانی مسۆگەر کرد و پارتی چەپی کۆماری کەتەلۆنیا (ERBN) کە هەڵگری درووشمی سەربەخۆییە بۆ هەرێمی کەتەلۆنیا بە پلەی دووەم دێت کە ٢١،٣%ی دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کەتەلۆنیا و ٣٣ کورسیی پەرلەمانی هەرێمەکەیان بەدەست هێنا و بە پلەی سێیەم پارتی ڕاستڕەوی سەربەخۆییخوازی هەرێمی کەتەلۆنیا کە ناسراوە بە پارتی (بەیەکەوە بۆ کەتەلۆنیا) توانی ٢٠%ی دەنگەکان مسۆگەر بکات و ببێتە خاوەنی ٣٢ کورسیی پەرلەمان، کە ئەم سێ پارتە ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە هەرێمی کەتەلۆنیا لەسەر ئاستی پەرلەمان و کایەی حوکمڕانی و سیاسی هەرێمەکەیان.

هەرێمی کوردستان توانی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا لە ٢٥ سێپتەمبەری ٢٠١٧ بە شێوەیەکی ئاشتیانە و سەرکەوتووانە زۆرینەی دەنگی (بەڵێی) هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئەنجامدانی گشتپرسیی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکات و لە قۆناغی پۆست ڕیفراندۆم و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا کە حکوومەتی ناوەندی هەوڵی دا بە ئاگر و ئاسن و لە ڕێگەی خیانەتی ناوخۆیی و پەلاماری سەربازییەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەوڵی نەزۆکی لەباربردنی ئەزموونی سیاسی و دیموکراسی و خۆبەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەریمی کوردستان کە بەهۆی بەرگریی بێوێنەی ڕۆڵەکانی گەڵی کورد و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەوڵە ناوخۆیی و ناوچەیی و نیودەوڵەتییەکان بۆ داگیرکردنی کوردستان لەگۆڕ نرا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیی لەپێناوی مانەوە و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی سەنگ و پێگەی خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە بەهێزی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت لە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان.

بە پێچەوانەوەی دۆخی گەلی کورد کە لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و شەڕ و توندوتیژی و لەنێو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناسەقامگیردا بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسیی ڕێفراندۆمیان دا و بەرگریشیان لە ئەنجامەکانی ڕێفراندۆم کرد. لە هەرێمی کەتەلۆنیا پاش ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی، وڵاتی ئیسپانیا بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کەتەلۆنیا بووەوە و ئیسپانیای تووشی گەورەترین کێشەی سیاسیی ناوخۆیی کرد و لەسەر ئاستی ئەورووپاش کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتەوە و حکوومەتی ئیسپانیا و دەزگاکانی دادوەریی وڵاتەکەیان بەتوندی دژی ڕێفراندۆمی هەرێمی کەتەلۆنیا وەستانەوە و ئەنجامدانی ڕێفراندۆمەکەیان بە نایاسایی و نادەستووری لەقەڵەم دا و لە ئەورووپاش پشتگیرییەکی ئەوتۆ لە مافە ڕەواکانی دانیشتووانی هەرێمی کەتەلۆنیا نەکرا و حکوومەت و دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمەکەیان نەیانتوانی ئاواتی لەمێژینەی خەڵکی هەرێمی کەتەلۆنیا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا بێننە دی، لە کاتێکدا هەوڵەکانی سەربەخۆییی هەرێمی کەتەلۆنیا بەردەوامن، بەڵام هەرێمەکەیان لە دۆخێکی ناجێگیردایە لە نێوان دەنگی ئەوانەی کە لەگەڵ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی هەرێمەکەیانن لە ئیسپانیا و لە لایەکی تریشەوە بە ڕێژەیەکی زۆرتر دەنگی ئەوانەی لەگەڵ مانەوەی هەرێمی کەتەلۆنیان لە ناو ئیسپانیادا زیادی کردووە. بەپێی دواتوێژینەوەکان بە ڕێژەی ٤٧،٧%ی دانیشتووانی هەرێمی کەتەلۆنیا دژی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی هەرێمەکەیانن لە ئیسپانیا، لە بەرانبەردا تەنیا ٤٤،٥%ی خەڵکی هەرێمی کەتەلۆنیا پشتگیری لە سەربەخۆیی دەکەن. هاوشێوەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەربەرەکانێی مافی بەدەستهێنانی سەربەخۆییی هەردوو گەلانی کورد و کەتەلۆنیا کرا، بەڵام خەونی گەیشتن بە سەربەخۆیی گەلانی ژێردەستە و بێدەوڵەت کۆتاییی نەهاتووە.