Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى فلیپین کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2021/6/28 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز جینۆرۆسۆ کالۆنج باڵیۆزى فلیپین لە عیراق کرد.

لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانى عیراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ فلیپین، دۆخى ڕەوەند و دەستى کارى فلیپینى لە هەرێمى کوردستان، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و توندڕەوى، پرۆسەى کوتان بە ڤاکسین و لێکەوتەکانى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەتایبەتى لەڕووى ئابوورییەوە، تاوتوێ کران.

هەردوولا هاوڕا بوون کە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بیرى توندڕەوى و توندوتیژى تەنیا لە ڕێگەى سەربازییەوە ناکرێت، بەڵکوو دەبێ وڵاتان لەڕووى پەروەردەیى و کولتوورییەوە بەرەنگارى ببنەوە و ئەو زەمینەیە بکرێتە ئامانج کە بیرى توندڕەوى و توندوتیژى و هاندانى تیرۆرى تێدا دەکرێت، هەروەها هانى ناتوندوتیژى و لێبوردەیى بدرێت.

بەڕێز باڵیۆزى فلیپین ئاماژەى بە هەوڵەکانى وڵاتەکەى بۆ بەرەنگاربوونەوەى بیرى توندڕەوى و تیرۆر کرد و دووپاتى کردەوە کە وڵاتەکەى خوازیارە سوود لە ئەزموونى هەرێمى کوردستان بۆ چۆنیەتیى بەرەنگاربوونەوەى توندڕەوى و تیرۆر وەربگرێت.

چۆنیەتیى برەودان بە هاریکارى و هاوبەشى و بوارە جیاکانى پەیوەندیى عیراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ فلیپین، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.