Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشینە 200 ملیارییەکە بێ ونەیێ، بەرازیش هێلکەی دووزەردێنە بکا، بەغدا نە مووچە دەنێرێ، نە بوودجە

د.محمد خدرمولود 

دووساڵ بەر لە ئێستا لە وتارێکدا بەو ناونیشانە (نەشیری حوشتر، نەدیداری بەغدا) و لە وتارێکی تردا بە ناونیشانی (بەغدای خاتوو حەلیمە، هەر دەگەڕێتەوە سەر عاداتی قەدیمە). لەهەردوو وتاردا خەسڵەت و مامەڵەی سیاسییانەی بەغدای دوای 2014 م لەگەڵ هەولێر و هەرێمی کوردستاندا خستبووە ڕوو. 

من لەوە دڵنیام سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەختی کوردستان باشتر و ووردتر خوێندنەوەیان بۆ سیاسەت و مامەڵەی بەغدای دوای 2014 لا هەیە و باشتر لە کڕۆکی بابەتەکە تێدەگەن و لەوەش دڵنیام راگەیاندنی کوردستان و میدیاڤانانی تێگەیشتوو و دەستەبژێرانی کۆمەڵگاو کەسانی هۆشمەندو هوشیار لەو راستیەی بەغدای 2014 تێدەگەن و هەست بە جۆریەتی و چۆنیەتی مامەلەی سیاسییانەی بەغدا لەپرسی مووچە و بوودجەوە دەکەن، بەتایبەتیش لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 وە دوای شکاندنی قەپۆزیان لە پردێ و سحێلا پرسەکە بۆتە سزایەکی سیاسی و بارودۆخ و ناردن و نەناردن و حاڵی بوودجە و مووچە و شایستە دەستوورییەکانی هەرێم  لە بەغداوە، لە بەغدای سەربە تارانەوە ئاماژەکان دێنن و لەسەر شەپۆڵی (مووچە بنێرە، بوودجە مەنێرە، بوودجە بنێرە، مووچە مەنێرە) بەرنامەکە پەخش دەبێ. با هەولێریش هەر (شاند بنێرێ و ئەستۆ پاکی و نییەت پاکی خۆی) بنوێنێ ..

ئیدی لە راست ئەو پرسە حەق وایە چیتر میدیای کوردی، میدیای بەرپرس و بەرەی جەماوەر و خەڵکی کوردستان  چیتر (نەزیرۆکی هاتنی مووچە و بەغدا بۆ بینەرانیان بەجۆرەی کە هەیە نەخوێننەوە).

لەکاتێکدا عێراق وڵاتی بەناو فیدڕالی پەرلەمانی بەرەو هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ئەوساڵ  2021 دەچێ و ناچێ!!.. مەگەر فاڵگرەوەکان پێشبینی بکەن، ئەی چۆن ئەو دەستکەوتە ئابووری و سیاسییە دەبەخشێتە هەولێر بوودجە و مووچەی بۆ دەنێرێ..؟ یا سولفە و مینحە..؟ بەداخەوە هەولێری ریفڕاندۆمی ملێونانی کوردستانی، تا ئێستایش  چاوت لە سولفە و مینحەی (بەغدای خاتوو حەلیمەی کەرادەو رەسافەبێ) ..؟ 

خۆ هەموو بینیمان بەغدا تا هەندێ لە شایستە داراییەکانی ساڵانی پێشووی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نارد و دابەشی کرد، زۆر خراپتر لە دەرد و کارەساتی چیرۆکە کۆمیدییەکەی (پەینی کیمیایی) چیرۆکنووسی ناوداری تورک (عەزیز نەسین)ی بە جووتیارانی کورد کرد و گەنم و جۆی لە توورەگە ناین و خاکبەسەری کردین..؟ بە جۆرێ سەد بەردی بە عەزیز نەسین و چیرۆکە دا دا. 

ئەرێ میدیای کوردی بەس نییە چیتر (ئەو ئاسنە ساردەی مووچە و بوودجە دێ و نایێ لە بەغداوە نەکووتنەوە) ..؟ 

ئیتر واباشترە میدیای کوردی واز لە ئاسنە ساردە بێنن، ستیل و میتاڵی دیکە هەن  بە جۆرێکی دی بیکووتن. یا هەر ئەو ئاسنە بە دیوەکەی تر بکووتن. 

چونکە بەرازیش هێلکەی دووزەردێنە بکا..!!

بەغدا مووچە و بوودجە نانێرێ.

 

هەولێر 25-6-2021