Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یاوەر بۆ KDP: پلە بەرزكردنەوە سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە دەگرێتەوە

هەولێر-KDP.info- پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست پێدەكاتەوە، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، لە ئێستادا وردبینیكرن لە ناوەكان دەستی پێكردووە و لە دوای تەواوبوونی ڕێكارە یاسایی و ئیدارییەكان، بڕیارەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، هەموو ساڵێك لە وەزارەتی پێشمەرگە لە دوو وەرز ( ئازار، ئەیلوول)ـدا پلەی هێزەكانی پێشمەرگە بەزر دەكرێتەوە، بەڵام بە هۆی بوونی كێشە و شەڕی داعشەوە، چەند ساڵێك دواكەوتووە و تەنها توانراوە تا ساڵی 2017 ئەم پلەبەرزكرنەوەیە لە نێو ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەدا ئەنجام بدرێت، لە ئێستاشدا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ ساڵانی 2108 و 2019 كە بۆ هەر ساڵێك دوو خشتە لە خۆ دەگرێت.

یاوەر گوتیشی، پلەبەرزكردنەوەكە لە چوارچێوەی خزمەتی سەربازی و بڕوانامەكانیان رێك خراوە، تا ئێستاش ئامارێكی ورد و دروست لە بەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بزانرێت چەند كەس لە هێزەكانی پێشمەرگە بڕیارەكە دەیانگرێتەوە و پلەیان بەرز دەكرێتەوە، چونكە هێشتا پرۆسەی وربینكردن كۆتایی نەهاتووە و لیستی ناوەكان ئامادە نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە بە بێ جیاوازی دەگرێتەوە.

پێشتریش بەپێی نووسراوێك، كە لە رۆژی 15-06-2021 دەرچووە و واژۆی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی بەسەرەوەیە، بڕیار دراوە بە بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەران و پێشمەرگەكانی سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواكان.

 

ئەرسەلان ئەحمەد