ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان گوتی، بڕیارە وەزیری پێشمەرگە و سوپاسالار و چەند بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە بانگھێشتی پەرلەمان بکەین و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و کێشەکانی پێشمەرگە دەکەین.
سەعید ھەرکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکوو لیژنەی پێشمەرگە لیژنەیەکمان پێک ھێنا بۆ ئەوەی لە کێشە و گرفتی پێشمەرگە بکۆڵینەوە و بەرنامەیەکمان دانا و سەردانی زۆرینەی میحوەرەکانمان کردووە و تەنھا میحوەری بادینان ماوە. ئەوانەی خانەقین و قەرەچووغ تەواو بوونە و ھەموو کێشەکانمان دەستنیشان کردوون و تەنھا ماوە قسەیان لەسەر بکرێت و گرفتەکان چارەسەر بکرێن، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە بانگھێشتی وەزیری پێشمەرگە و سوپاسالار و چەند کەسی پەیوەندیدار بە پێشمەرگە دەکەین."
سەعید ھەرکی گوتیشی: "جگە لەوەش، باسی کێشەکانی دیکەی پێشمەرگەش دەکەین وەکوو یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و بەتایبەت کێشەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکان."
ھەرکی باسی لەوەش کرد: "بڕیارە دوای ئەوەی بانگھێشتی وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسانی پێشمەرگە دەکەین بۆ لیژنە، دواتر بانگھێشتی وەزیری پێشمەرگە بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین."
بڵند ئیبراھیم