Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەیدەری بۆ KDP: ناردنی ٢٠٠ میلیار دینارەكەی بەغدا كێشەی یاسایی نییە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ناردنی ٢٠٠ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، ھیچ كێشەیەكی یاسایی نییە، چونكە نەك بۆ ھەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ ھەموو پارێزگاكان حكوومەتی عێراق پارە وەكو سولفەی مانگانە خەرج دەكات تا بودجە جێبەجێ دەكرێت، ئەوكات لە بودجەدا تەسفیەی حیسابی دەكرێت.

شێروان حەیدەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ناردنی ٢٠٠ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، ھیچ كێشەیەكی یاسایی تێدا نییە، چونكە مادەی ١١ لە یاسای بودجە كە پەیوەستە بە ھەرێمی كوردستانەوە، ھەرێم ھەمووی جێبەجێ كردووە و رێككەوتن كراوە و تەنھا ماوە بەغدا رەوانەی بكات، ئێستاش بەغدا كە بڕیاری داوە سولفە رەوانە بكات، یاساییە، چونكە بۆ ھەموو پارێزگاكان بەو شێوەیە سولفەیان بۆ خەرج دەكرێت تا بودجە خەرج دەكرێت و دواتر تەسفیەی حیسابی بۆ دەكرێت لە پشكی ھەرێم، بۆیە ئەوەی كراوە بە ھیچ جۆرێك نایاسایی نییە.

وەزیری پێشووی دادی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتیشی، كاتێك ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی بۆ ناردنی پشكی ھەرێم دەدات، ئەوە بڕیاری ئەنجومەنە و وەزارەتی دارایی بۆی نییە رێگری بۆ ھەرێمی كوردستان دروست بكات كە سولفە رەوانە بكرێت، بۆیە بڕیارە بەم نزیكانە بەغدا سولفەكە رەوانە بكات.

حەیدەری دەشڵێ، پێشتر پشك بوو، بەڵام ئێستا بووەتە سولفەی ھەرێمی كوردستان و كێشەیەكی یاسایی نییە، چونكە كاتێك پشكی ھەرێم خەرج دەكرێت، ئەوكات لەوێ ھەر كێشەیەك ھەبێت چارەسەر دەكرێت، بۆیە پارەكە بڕیاری لێ دراوە و خەرجیش دەكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم