Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیوەیلی: چاوەڕێی ئەوە لە ‌سەرۆككۆماری ئێران دەكەین زیاتر پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوانمان بدەین

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، چاوەڕێی ئەوە لە سەرۆككۆماری نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەین، كە پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوانمان بدەین، هاوكات هەوڵیش بدات كە هەرێمی كوردستان و عێراق بە شێوەیەكی گشتی نەبنە بەشێك لەو ململانێ نێودەوڵەتییەی كە هەیە.

 

هۆشیار سیوەیلی، لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا، كە تایبەت بووە بە پرسی سەرۆككۆماری نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران، رایگەیاندووە، چاوەڕوانیی ئەوە لە ‌سەرۆككۆماری نوێی ئێران دەكەن، كە زیاتر پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران بدات، هەروەهاە هەوڵ بدات ‌هەرێمی كوردستان و عێراق بە شێوەیەكی گشتی، نەبنە بەشێك لەو ململانێ نێودەوڵەتییەی كە هەیە، چونكە بەرژەوەندییان لەوەدایە هەرێمی كوردستان، لە ‌ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە هەرێمێكی سەقامگیر بێت، داواش لە ‌سەرۆككۆماری نوێ دەكات،‌ كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو گرووپانە وەكو خۆیان دەڵێن كە پەیوەندییەكی توندوتۆڵییان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە، ئەو پەیوەندییانە بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی چیتر ئەو ملیشیانە هەڵنەستن بە كاری تێكدەرانە لە هەرێم.

 

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەشی گوتووە، كە‌ بۆ هەرێمی كوردستان، كۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتێكی گرینگ و دراوسێیەكی گرینگە، پەیوەندییەكی مێژووییان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە، بێگومان هەمووان دەزانن ئێران سنوورێكی دوور و درێژی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، جگە لەوانەش، لەو وڵاتەدا بەشێكی زۆر لە گەلی كورد دەژین، ئەوەش بەلایانەوە‌ گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە.

 

سیوەیلی ئاماژەی بەوەش داوە، كە بەو پێیەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، عێراقیش پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە،‌ لەبەر ئەوە لەهەر ڕوویەكەوە سەیر دەكرێت، ئێران بۆ هەرێمی كوردستان گرینگە،‌ چ لە ڕووی سیاسی، چ لە ڕووی ئەمنی، چ لە ڕووی بازرگانیش، هەر لەسەر ئەو بنەمایە هەرێم‌ هەوڵی داوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە لەسەر بنەمایەكی درووست بێت، پەیوەندییەك بێت كە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا بپارێزێت، بە تایبەتی‌ ئێستا عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستانیش بە تایبەتی، دەروازەیەكی گرینگی بازرگانی و ئابووریی ئێرانن‌، ئەوەش‌ بەرژەوەندییەكی هاوبەشە، بۆیە وەك هۆشیار سیوەیلی جەختی كردۆتەوە، هەوڵ دەدەن و هیوادارن بە هاتنی سەرۆكی نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران "بەڕێز ڕەئیسی" ئەو پەیوەندییانە بچنە قۆناغێكی دیكە و باشتر بن.

 

هۆشیار سیوەیلی باسی لە پەیوەندییەكانیان كردووە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، كە چ لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندییەكی باش بوون،‌ چ بۆ ئێستاش‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی دەرەوە ئەنجام دەدات، یا سیاسەتی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ، زیاتر پەیوەندییەكان لە ‌شێوەی پەیوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە،‌ ڕەنگە وەكو حیزب، وەكو پارتی كەمتر لە ‌جاران ئەو پەیوەندییانەیان هەبووبێت، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە كە پەیوەندییان كەمە،‌ یان پەیوەندییەكە لاوازە، پەیوەندییەكان هەن، بەڵام لەم قۆناغەدا زیاتر سەرنجیان‌ ئەوەیە پەیوەندییەكانیان‌ دیپلۆماسیانە و ئەو پەیوەندییانەی دەرەوە ڕووبەڕووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەنەوە، تا‌ لە ‌ڕێگەی حكوومەتەوە ئەگەر ڕاوبۆچوونێك، یان هەڵوێستێكیان بەرانبەر بە دەوڵەتە دراوسێكان و بەرانبەر بە ‌دەوڵەتانی دەرەوە هەبێت، گەلاڵە بكرێت و دەرببڕدرێت.

 

 خێڵان بەختیار