Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاژگەیی: ئەروووپا بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی پێویستی بە کوردستان و پێشمەرگە هەیە

هەولێر-KDP.info- لە میانەی وێبینارەکانی هەفتانەی لقی٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەژێر ناونیشانی (هەرێمی کوردستان، بەرەوپێشچوونی دیپلۆماسیەت)، دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کورددستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بابەتێکی پێشکەش کرد دەربارەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە یەکێتیی ئەورووپا و پەیوەندییە بەهێز و سەرکەوتووەکانی نێوان هەرێم و یەکێتیی ئەورووپا.

نوێنەری حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، کە توانیویانە پەیوەندییەکی تۆکمە و بەهێز لەگەڵ دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا دروست بکەن و گەشە بەو پەیوەندیانە بدەن لە هەموو ڕووەکانەوە، بە تایبەتیش لە بواری سیاسی و دیپلۆماسیدا. هەروەها گوتی: "نوێنەرایەتیمان لە ساڵانی رابردوودا هەنگاوی باشی ناوە و کارمان کردووە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو ناوەند و کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، لە هەمووشیان گرینگتر پەرلەمان و کونسە و کۆمسیۆنی ئەورووپا. لەگەڵ هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا دیداری بەردەواممان هەیە و ئاسانکاریمان بۆیان کردووە بۆ سەردانیکردنی کوردستان. توانیومانە لە ڕێگای پەیوەندییە بەهێزەکانمان وا بکەین کەوا پەرلەمان و کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بریاری گرینگ لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەربکەن."

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، ئاماژەی بە ڕۆڵی یەکێتیی ئەوووپا دا لە هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە شەڕ لە دژی داعش کاتێك هەر لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێم چرای سەوزی بۆ سەرجەم ووڵاتانی یەکێتیەکە هەڵکرد بۆ پێشکەشکردنی هاریکاری و پاڵپشتی بە ناردنی ڕاوێژکارانی سەربازی و چەك و تەقەمەنی و بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ تێکشکاندنی داعش. 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کودرستان هەروەها روونی کردەوە، کاری باش ئەنجام دراون بۆ ئەوەی سوود لە بازارەکانی یەکێتیی ئەورووپا وەربگرین بۆ هێنانی بەروبووم و بەرهەمی کشتوکاڵیی جووتیارانی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و گوتیشی، پێشکەوتنی باش لەو ڕووەوە وەدەستهاتوون. توانیومانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمە فیدڕاڵیەکانی یەکێتی ئەوروپا بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە لە دامەزراوەیەکی تایبەت بە هەرێمەکان کۆببینەوە و هاریکاری و پاڵپشتی یەکتر بکەین. هەروەها باسی لە سەردانە گرینگەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی کرد بۆ بەلجیکا و پێشوازیکردنی لەلایەن ئەلیکساندەر دیکڕۆ سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە و ئاماژەی بە یەکێك لە قسەکانی دیکڕۆ دا کاتێك گوتی، کۆمەڵگای نێودەولەتی بە شێوەیەکی باش ڕێزی لە قوربانیەکانی گەلی کورد نەگرتووە، وە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرینگی و بایەخی زیاتر بە هەرێمی کوردستان بدات و بەڵێنی دا کەوا بەلجیکا چ لە ئاستی یەکێتیی ئەورووپا و چ لە ئاستی جیهاندا ڕۆڵی کۆکردنەوەی پاڵپشتیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان ببینێت.

سەبارەت بە دیداری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزیش، دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی ئاماژەی بەوەدا کەوا لەو دیدارەشدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندیی ئابووری و هاریکارییەکانی ئەو هەرێمە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم کرا. گوتیشی، لەو سۆنگۆیەوە بڕیار دراوە بە دروستکردنی کۆمسیۆنێكی دووقۆڵی بۆ تاوتوێکردنی ئەو لایەنانەی کە لە هەرێمی کوردستان پێویستیان بە هاریکاری هەیە.

دلاوەر ئاژگەیی هەروەها گوتی: "ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایشی نەتەوەیی یەکێتیی ئەورووپا زۆر گرینگە، ئەویش بەحوکمی جیۆپۆڵیتیکی کوردستان و بەرپەرچدانەوە و شکستهێنان بە داعش، هەروەها لەئامێزگرتنی ئەو ژمارە گەورەیەی پەنابەران، وە تواناکانی هەرێم لە ڕووی وزە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە سەرچاوەیەکی گەورەی وزە بۆ ئەورووپا".

دەشڵێ: " ئەورووپا بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، پێویستی بە کوردستان و هێزی پێشمەرگە هەیە. " لە لایەکی ترەوە ئاماژەی بەوەدا کەوا یەکێتی ئەورووپا پشتگیری لە ڕێککەوتنی شنگال دەکات و کار لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە. 

گوتیشی، دیپلۆماسیەتی کوردی بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی ڕابردوودا تەکانێکی یەکجار گەورە و پێشکەوتووی بەخۆیەوە بینیوە و توانراوە گەشە بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان بدەین و دەسکەوتی باش بۆ کوردستان وەدەست بێنین.

ئاماژەشی دا، سەرۆکی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەك سەرۆکی وڵاتان لە ئەورووپا پێشوازییان لێ دەکرێت و کۆنووسی کۆبوونەوەکان دەبنە ئەجێندای کارکردن لە نێوان هەردوولادا.