Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

" ڕێككەوتنی ھەرێم و بەغدا بازاڕ دەبووژێنێتەوە"

هەولێر-KDP.info-  ھەواڵی گەرمی نێو شەقام، جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەیە كە لە نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ لەبارەی یاسای بوودجەوە كراوە. بەرپرسێكی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانیش دەڵێت، پێشبینی دەكرێت لە چەند مانگی داھاتوودا جووڵەی بازرگانی زیاتر گەشە بكات و ڕێككەوتنەكەش كاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی و بازاڕ دەبێت و دەیبووژێنێتەوە.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆكی لقی ھەولێری یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكاران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر ڕێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا بچێتە واری جێبەجێكردنەوە، كاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی و بازاڕی ھەرێمی كوردستان دەبێت، پێشبینیش دەكرێت بە ھۆی ئەو ھەوڵانەی ھەن، جووڵەی بازرگانی زیاتر گەشە بكات و بەرەو ھەڵكشان بچێت."

لەبارەی ھەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەرپرسەكەی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكاران دەڵێ: "ھەر جۆرە ڕێككەوتنێك لە نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵدا بكرێت، ڕەنگدانەوەی لەسەر بازاڕ دەبێت و ئەو ھەوڵانەش بۆ كەرتی بازرگانی دڵخۆشكەرن".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێستا باس لە ھاتنی بەشەبوودجەی ھەرێمی كوردستان دەكرێت، بێگومان ھەر پارەیەك بێتە ھەرێمی كوردستان، ڕەوشەكە گۆڕانكاری بە خۆیەوە دەبینێت، چونكە مووچە باشتر دەكرێت و خەڵك زیاتر ڕوو لە بازاڕ دەكات و ھێزی كڕین زیاد دەكات، ئەوەش دەبێتە ھۆی گەشەكردنی جووڵەی بازرگانی."

 

قائید میرۆ