لەدوای ڕاپەڕینەوە ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی سەر بە ناحیەی شێروان مەزنی سەر بە قەزای مێرگەسۆر بەھۆی مەترسییەکانی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، خەڵکی ئەو گوندانە لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەری ھەولێر نیشتەجێ بوونە.
کوڤان شێروانی، بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سنووری ناحیەی شێروان مەزنی سەر بە قەزای مێرگەسۆر لە ٧٣ گوند پێک ھاتووە، بەڵام بە ھۆی ئالۆزییەکانی سنوور و ھەبوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکەوە تا ئێستا تەنیا ھەژدە گوند ئاوەدان کراونەتەوە و ٥٥ گوندی سنوورەکە ئاوەدان نەکراونەتەوە، دوای ڕاپەڕین ژمارەیەک گوندی دەڤەری مزووری باڵا ئاوەدان کرانەوە، بەڵام بە ھۆی ھەڕەشەکانی چەکدارانی پەکەکەوە ئەوانیش دووبارە چۆڵ کران."
بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن دەشڵێت: "خەڵکی ئەو گوندانە لە کۆمەڵگە و شارەدێکانی دەوروبەری ھەولێر و قەزای سۆران نیشتەجێ بوونە و ناتوانن لەبەر ھەڕەشەی پەکەکە بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان، ئاوارەبوونی ئەو خەڵکە کاریگەریی کردووەتە سەر کێشەی بێکاری و چەندین ساڵە خەڵکی سنوری شێروان مەزن لە ئاوارەییدا دەژین، ئەوانەشی لە سنوورەکە نیشتەجێن ھاتوچۆیان سنوردارە و زۆر جاریش بە ھۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە قوربانی ھەبووە."
کوڤان شێروانی پێی وایە: "ئەگەر پەکەکە لەو دەڤەرە نەمێنێت و کێشەی ئەمنی دروست نەبێت، ئەوە خەڵکی دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و ساڵانە داھاتێکی زۆریان دەست دەکەوێت، چونکە دەڤەرەکە بە چەندین بەرھەمی خۆڕسک و کشتوکاڵ دەوڵەمەندە و ھاووڵاتییانی ئەو گوندانە چەندین ساڵە لێی بێبەش کراون."
قائید میرۆ