Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"خەرجیی ساڵێكی ئاوارەكانی هەرێم ٩٠٠ ملیۆن دۆلارە"

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئاوارەكان لە ھەرێمی كوردستان نەك ناگەڕێنەوە، بگرە بەردەوام ئاوارەی نوێ دێن و حكوومەتی عێراقیش ھاوكارییان ناكات، كە خەرجیی ساڵێكی ئاوارەكان ٩٠٠ ملیۆن دۆلارە و حكوومەتی ھەرێم و رێكخراوەكان خەرجییەكە لە ئەستۆ دەگرن.

 

ھۆشەنگ محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پاتری دیموكراتی كوردستان گوتی: "ھیچ بەرنامەیەك نییە بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان و نەك ناشگەڕێنەوە، بگرە جارێكی دیكە ئاوارە دەبنەوە بۆ ھەرێمی كوردستان و ئێمەش ھەموو جۆرە پێشوازییەكیان لێ دەكەین".

 

بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان لە ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "حكوومەتی عێراق ھیچ ھاوكارییەكی ئاوارەكان ناكات و تەنھا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و رێكخراوەكان ھاوكاری دەكەن، كە ھەرێمی كوردستان ماڵی ئاوارەكانە و سەرۆكی حكوومەتیش باسی لەوە كرد كە ھەموو جۆرە ھاوكارییەكیان دەكرێت".

 

محەمەد روونیشی كردەوە: "ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە لە ھەرێمی كوردستان ھەن، بۆ خەرجیی ساڵانەیان ٩٠٠ ملیۆن دۆلار پێویستە، ئەو ئەركەش حكوومەتی ھەرێم و رێكخراوەكان لە ئەستۆیان گرتووە".

 

لە ئێستادا ٩٢٨ هەزار و ٦٧٤ ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی كوردستان ھەن، كە لەوانە ٦٦٥ھەزار و ٥٠٥ ئاوارە ناوخۆیین و ئەوانەی دیكەش پەنابەری سووری و ئێرانی و فەلەستینی و توركی و بەشێكی دیكەشی جۆراوجۆرن.

 

بڵند ئیبراھیم