Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێم: وەزارەتی ناوخۆ خەریکی پێداچوونەوەی یاسای ھاتووچۆیە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەریکی پێداچوونەوەیە بە یاسای ھاتووچۆ، گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، یاسای ھاتووچۆ بۆ سەردەمی ئێستا ناگونجێ و بە یاسای نوێ گۆڕانکاری لە کەرتی ھاتووچۆ دەکرێت.

عەمید ئەسعەد کەریم، گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان بەمالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "وەزارەتی ناوخۆ خەریکی پێداچوونەوەیە بە یاسای ھاتووچۆ و یاساکە ھەموار دەکرێتەوە، چونکە ئەو یاسایەی بۆ ھاتووچۆ ھەیە لەسەر دەمی حاکمی مەدەنی عێراق دەرکراوە و لە زۆر لاوە پێویستی بە پێداچوونەوەیە، لەبەر ئەوەش وەزارەت لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی دیکەیە بۆ ھاتووچۆ.

گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێم دەڵێت "بڕیارە لە ھەموو روویەکەوە پێداچوونەوە بە سیستەمی ھاتووچۆ بکرێت ھەر لە دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری تا دەگاتە تۆمارکردن و ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێڵ و پێ بژاردەکان و ئەو سزایانەی دیار دەکرێن بۆ سەرپێچیەکانی ھاتووچۆ".

عەمید ئەسعەد کەریم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی گۆڕانکارییەکان و زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێڵەکان کەرتی ھاتووچۆ پێویستی بە پێداچوونەوەیە بەشێوەیەک لەگەل سەردەمی ئێستا بگونجێت".

 

قائید میرۆ