Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای هەڵبژاردنی پارتی پێشوازی لە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

ھەولێر-KDP.info- لە ڕاگەیاندنێکدا، دەزگای ناوەندی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بۆ بڕیاری ژمارە (2576)ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەردەبڕێت، کە تیایدا پشتیوانی لە هەوڵی حکوومەتی عێراق دەکا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران . ئەمەش دەقەکەیەتی :

لە چوارچێوەی پرەنسیپی نەگۆڕ و پتەوی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەکو بڕوامان بە جێگیرکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقی فیدراڵ، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1946 داوای دەکات و خەباتی بۆ دەکات، ئەمەش لە پێناوی هاتنەدی سیستەمی دیموکراسی و یەکسانی لە نێوان هەموو پێکهاتە و ڕۆڵەکانی عێراقدا. هەر لەم سۆنگەوە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری ژمارە (2576)ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە لەم دواییەدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خۆشحاڵی بۆ هەوڵ و ئامادەکاری و پلاندانانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پاک و ئازادانە  لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە هەنگاوی بۆ هاویژراوە و لەلایەن خودی عێراقییەکانەوە ڕابەرایەتی دەکرێ و بەشێوەیەکی گشتگیر و ڕاستگۆیانە ڕێکار و هاوبەشیی کردەیی و بە ئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی بە ئاکام دەگات.  

ئاشکراشە کە لە ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی کوردستان هەمیشە بۆ بانگهێشت و ئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی دەستپێشخەر بووە. چونکە بڕوای پارتی وابووە کە ئامادەبوونی ئەوان متمانە بۆ ئەنجامەکان درووستدەکات و گومان لە خاوێنی پرۆسەکە دووردەخاتەوە.    

لەبەرئەوە ڕایدەگەیەنین دەزگای هەڵبژاردنی pdk داوادەکات تیمێکی سەر بە UN بە کارمەندانی زیادەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بە رووماڵکردنێکی فراوانی جوگرافی چاودێری پرۆسەکە بکەن و بە ڕاپۆرتێک سەبارەت ڕەوتی هەڵبژاردن پێشکەش بە ئەمینداری گشتی UN بکەن. هەر لەم بارەیەوە دەزگامان پێشوازی لە هەڵوێستی ئەرێنیی ( گرووپی 7 ) دەکات کە لە کۆبوونەوەی لووتکەیاندا لەم ڕۆژانە لە برۆکسل بەسترا و پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ بڕیارەکەی UN دەربڕی و تیایدا داوای ئەوەیان کردووە کە چاودێری نێودەوڵەتی بە ئامانجی هاوکاریکردن بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و ئازادانە ئامادەییان لە پرۆسەکەدا لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 هەبێ و داواشیان کردبوو کە هەموو عێراقییەکان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.        

                                   

دەزگای ناوەندی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان                                            

               2021/6/18