لە مەزاری ھەشت ھەزار بارزانیی ئەنفالکراو پڕۆژەی شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەنفالی بارزانییەکان جێبەجێ دەکرێت و بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالکراوانی بارزانییش دەڵێت، پڕۆژەکە شوێنی پێشوازیکردن لە شەش ھەزار میوانی تێدا دەبێتەوە.
ڕێبوار بارزانی، بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفاکراوانی بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان سەردانی مەزاری ئەنفالکراوانی بارزانی دەکەن و چەندین ڕێوڕەسمی فەرمی و شاندی بیانییش دێنە بارزان، بەڵام شوێنێکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بارزانییەکان نەبووە، ئێستا پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکرێت، کە شوێنی حەوانەوە و ئامادەبوونی جەماوەرە لە مەزاری بارزانییەکان."
بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالکراوانی بارزانی گوتی: "پڕۆژەکە قۆناغی سەرەکی بڕیوە و پێشبینی دەکرێت ڕێوڕەسمی ئەمساڵی تێدا بەڕێوە بچێت، بە شێوەیەکی پێشکەوتوو شوێنی شەش ھەزار میوانی تێدا دەبێتەوە."
ڕێبوار بارزانی ڕوونی کردەوە: "درووستکردنی شوێنی میوان و ھاووڵاتییانی ئامادەی مەزاری بارزانییەکان ھەنگاوێکی پیرۆزە بۆ ئەوەی ڕێز لەو خەڵکەی سەردانی مەزاری بارزانییەکان دەکەن، بگیرێت، ھەروەھا بە بەردەوامی کەسوکاری ئەنفالکراوان سەردانی مەزاری ئازیزانیان دەکەن و پێویستیان بە شوێنی گونجاو ھەبوو تا بتوانن زیاتر بمێنەوە."
قائید میرۆ