Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە بۆ KDP: ھاتوچۆی نێوان وڵاتان ئاسایی بووەتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا هاتوچۆ و جموجۆڵی گەشتیاری لە فڕۆکەخانەی ھەولێر زیادی کردووە. دەشڵێ، پەیوەندییان لەگەڵ ھەموو وڵاتانی جیھان ھەیە و ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا ڤیزای گەشتیاری بدەن، ئەوکات بە شێوەیەکی بەرچاو جوڵەی گەشتیاری زیاد دەبێت.

ئەحمەد ھۆشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕاستە ھێشتا کۆرۆنا ھەر ماوە، بەڵام جموجۆڵی ھاتوچۆ و گەشتیاری لە فڕۆکەخانەی ھەولێر زیادی کردووە و چەندیش وڵاتان زیاتر دەرگایان واڵا بکەن، جوڵەی ھاتوچۆ و گەشتیاری بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، چونکە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ھەموو جیھان ھەیە وەکو ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی و تورکیا".

ھۆشیار گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەین ئاسانکاریی زیاتر بکرێت، بۆ ئەوەی جوڵەی گەشتیاری زیاتر بێت، ئەگەر ئەورووپاش دەرگای وڵاتانی بکاتەوە و ڤیزای گەشتیاری بە گەشتیاران بدات، جموجۆڵەکە زۆر زیاتر دەبێت، چونکە تا ئێستا ڤیزای گەشتیاری دەستی پێنەکردووەتەوە و چاوەڕێ دەکەین لە ماوەی داھاتوودا دەست پێبکاتەوە".

بە ھۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە، ھاتوچۆ لە نێوان زۆرینەی وڵاتانی جیهان راگیرابوو، بەڵام دوای ھاتنی ڤاکسین و کەمبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا، تا ڕادەیەکی باش ھاتوچۆی نێوان وڵاتان ئاسایی بووەتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم