Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مووچەی پلە باڵاکان بۆ ٥٠% کەم کراوەتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، مووچەی پلە باڵاکان ھەموار کراوەتەوە و بۆ ٥٠% کەم کراوەتەوە، بۆیە پێویستە خۆیانی لەگەڵ رابێنن، چونکە ئەوە بڕیارە و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی دراوە.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، فۆڕم بەسەر پلە باڵاکاندا دابەش کراوە بۆ ھەموارکردنەوەی مووچەیان و پێویستە ئەوانیش خۆیان لەگەڵ یاسای چاکسازی بگونجێنن و مووچەکەشیان ھەموار دەکرێتەوە کە خانەنشین دەبن، چونکە پێشتر ٨٠%ی مووچەیان پێ دەدرا، بەڵام ئێستا بۆ ٥٠% کەم کراوەتەوە، کە لە چوارچێوەی یاسای چاکسایدا ئەوە جێگیر کراوە و بەو شێوەیەش بەردەوام دەبێت.

ئەنوەر گوتیشی، ئەوەی پلە باڵاکانیش ھەمووی ٥٠%ی مووچەیان پێ نادرێت، چونکە بەپێی خزمەت و بڕوانامە و تەمەن دەبێت و ئەوەی خزمەتی لە ھەمووی زۆرتر بێت، ئەوکات مووچەی ٥٠%ی پێ دەدرێت، ئەگەر نا مووچەکەی لە ٥٠%یش کەمتر دەبێت، چونکە چەند مەرجێک دیاری کراون و پێویستە ئەو مەرجانەیان تێدا بێت، ئەگەر نا ناتوانن ٥٠%یش وەرگرن.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چاکسازیکردن لە مووچە، لە یاسای چاکسازیدا بڕیاری داوە کە مووچەی ئەو کەسانەی پلە باڵان و خانەنشین دەکرێن، پێویستە مووچەکەیان ھەموار بکرێتەوە و زۆرترین مووچە لە ٥٠% زیاتر نەبێت، چونکە پێشتر ئەوەی خانەنشین دەبوو، بە ٨٠%ی مووچەکەی خانەنشین دەکرا.

 

بڵند ئیبراھیم