Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاراس.. بەرخودان و سەرفرازی، نەچەمانەوەو بەردەوام بوون

د.محمد خدرمولود

74 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ وشەی (ئاراس) و واتەکەی هاتۆتە نێو فەرهەنگی ئەدەبیاتی شۆرشگێری و نیشتیمانی نەتەوەی کورد. خودی وشەکە ناوی گەورەترین روباری ناوچەی قەوقازە کە درێژییەکەی(666) میلە و نەتەوەکانی ناوچەکە کورد وتورک بە (ئاراس) گۆ- تەلەفوزی دەکەن و فارس بە (ئارس) و ئازەر بە (ئاراز) و ئەرمەنییەکانیش وەک یۆنانییەکان بە (ئاراکس) گوزارشتیان لەو روبارە مەزنە کردووە کە دەرژێتە نێو سنووری وڵاتانی تورکیا و ئەرمینیا وئێران و ئازەربێجان. 

لە نێو ئەدەبیاتی کوردیدا ئەم وشەیە (ئاراس) لە رۆژی 18-6-1947 وە مانا سادەکەی خۆی دەبوارێنێ و مانای (ئاماژەیی و هێما و سیبمبوڵی) وەردەگرێیت و لە نێو زانستی زمانەوانی و میدیایی دا بۆ مێژوو دەبێتە سیمۆلۆژیا و سیماتیک و بە روخسارو سیماو ناوەرۆکێکی دیکە خۆی دەرازێنێتەوە.

قەدەری کورد لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە 1947هەروا کەوتەوە کە هزرو نەخشەو پیلان و پلانی وڵاتانی زڵهێزو داگیرکاران لە هزر و نەخشە و دبلۆماسیەتی کورد بەهێزتر و کاریگەرتربێ مەهابادیش بە گەمەی سۆڤیەتی لەناوبچێ و شکست و نشوستییەکی تر دوای شکستییەکانی شێخ مەحمودی حەفیدزادەو شێخ عەبدولسەلام بارزانی و پێشتریش شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری قەدەر و چارەنووسی کورد بخاتە بەردەم دووڕیانی (خۆبەدەستەوەدان) یا (بەرخودان).

لەو نێوەندەدا بارزانی نەمر، وەک زۆربەی هەرە زۆری سەرچاوە مێژوویی و دیکۆمێنتییەکان ئاماژەیان پێداوە خاوەنی ستراتیژیەتی رابەرایەتی کردن و ئایندەخوازی بووە و هەمیشە (بەرخودان و بەرگری) بۆ مانەوەو درێژە پێدان بە خەباتی وەک دیفاکتۆی سەرکەوتن بینیووە و هیچ کاتێ هزری (خۆبەدەستەوەدان)ی وەک ئەگەری (مانەوە و بەردەوام بوون) هەڵنەبژاردووە. 

بۆ سەلماندنی راستی ئەم بۆچوونەش ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی مستەفا بارزانی لە شۆرش و راپەڕینەکانی بارزان لەساڵی 1943 لە ناوچەی بارزان و بەرخودان و بەرگری قارەمانانە لە کۆماری کوردستان-مەهاباد 1946 لە شەڕی قارەمانانەی (قاڕاوە) دا باشترین بەڵگەی زیندوون کە مستەفا بارزانی خۆی بەدەستەوە نادات و بۆ رۆژگاری جەوروستەم و دژوار ناچەمێتەوە.

هەرواش کەوتەوە دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و شکستپێهێنانی کۆمار لە مەهاباد، بارزانی خۆی بەدەستەوە نادات، داوا لە پێشەوا قازیش دەکات خۆی بەدەستەوە نەدا جا گەر بارودۆخی پێشەوا جیاواز بووبێ یا دیسان قەدەری کورد وای بۆ کۆماری ساوا نەخشاندبێ.

گەڕانەوەی بارزانی و هەڤاڵانی بۆ عێراق و شەڕ و پێکدادانی دژوار لەسەر سنوور لەگەڵ ئێران-عێراق-تورکیا و پەڕینەوە لە روباری ئاراس و چوونە نێو خاکی سۆڤیەت، داستانێکی قارەمانانەیە لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی دا لە کات و ساتی خۆیدا 74 ساڵ بەر لە ئەمرۆ جیهانی بەخۆیەوە سەرسام و خەریک کرد بەجۆرێ وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات و ناوچەکە پەندو وانەیەکی کوردی بۆ بەرخودان و بەرگری و مانەوە لە بارزانیەوە وەربگرن و بۆ ئایندەی پرسەکە وەک ژمارەیەکی سەنگینی هاوکێشەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. 

ئیدی لەوێ رۆژێوە، ژیانی بارزانی نەمر و یاوەرانی شۆڕشگێری لە شاران و وڵاتانی سۆڤیەت لەگەڵ گرفت و چەرمەسەرییەکانی (باقیرۆف و بارگینۆف)ەکانی ئەوسادا، (ئاراس) ناوە سادەکەی خۆی دەبوارێنێ و دەبێ بە نازناو و ناونیشان و سیمبول و هێما. 

ئاراس، لە رۆژی 18-6-1947 وە بۆ کورد داستانە، رەهەندی شۆڕشگێڕی و بەرخودان و نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئەدەبی بەرگری و شۆرشگێری وەرگرتووە و ئامادەیی کاراو زیندووی لە نێو ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوری کوردستانی دا هەیە.

ئاراس و داستانی پەڕینەوە، لەوساوە بۆ بارزانی باوک بۆتە رابەرایەتی کردنی پرسی مەزنی کوردستان و لە نێو هزر و مێژوودانەک هەر نەستەلۆژیای نەتەوەییە، بەڵکو دیفاکتۆی شۆرشگێری چەسپاوە، هێما و سیمبوڵی بەرخودان و سەرفرازی نیشتیمانی و سەروەت و سامانێکی شۆرشگێری مەزنە بۆ بارزانی کوڕ و بارزانییانی نەوەی سەردەم و دەبێ وا سەیری بکەین و بیخوێنینەوە:

پەڕینەوە لە (ئاراس) ریفڕاندۆمی سەرفرازی و خۆنەچەماندنەوەی نیشتیمانی گەل و نەتەوەیێکە، کە عەوداڵی سەربەخۆییە، بەو مەرام و ئامانجەشی هەرشاد دەبێ.

 

هەولێر 19-6-2021