Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئێران دەستیپێکرد

ئێران-KDP.info- لە كاتژمێر حه‌وتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی تاران، سێزدە‌یەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان و هەروەها دەنگدان بۆ پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لەو پارێزگا و شارانە کە یەکلایی نەبوونەتەوە دەستیپێکرد.

لەکۆی 59 ملیۆن و 310 هەزار و 307  کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە، 29 ملیۆن و 980 هەزار و 38 کەس پیاون و 29 ملیۆن و 330 هەزار و 269  کەسیش ژنن. 

تەمەنی یاسایی بۆ بەشداریی لە دەنگدان 18 ساڵە و ژمارەی ئەو کەسانەش کە بۆ یەکەمجار دەتوانن لە هەڵبژاردن دەنگ بدەن یەک ملیۆن و 392 هەزار و 148 کەسن.

زیاتر لە 66 هەزار سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و زیاتر لە 76 هەزار سندووقی دەنگدانیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان دابین کراون. 

هەروەها بە گوتەی سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵبژاردنی 234 سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە 133 وڵاتی جیهان بۆ ئێرانیانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە دانراون.

بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا هەڵبژاردنەکان لە كاتژمێر حه‌وتی به‌یانی بەکاتی تاران دەستیپێکردووە و بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ دەتوانرێت تاوەکو كاتژمێر دوویی بەرەبەیان بەکاتی تاران درێژ بکرێتەوە.

دوای رەتکردنەوەی شیاویەتی زۆربەی بەربژێرەکان، تەنیا 7 کەس مابوونەوە، بەڵام لەو حەوت کەسەش لەماوەی هەفتەی رابردوو عەلیرەزا زاکانی و سەعید جەلیلی لە بەرژەوەندیی رەئیسیی کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنەکە راگەیاند و موحسین مێهرعەلیزادەش کە بە بەربژێرێکی ریفۆرمخواز دادەنرا (هەرچەند پشتیوانیی ریفۆرمخوازەکانی نەبوو) بەبێ ئەوەی پشتیوانیی لە هیچ بەربژێرێک رابگەیێنێت، کشانەوەی خۆی راگەیاند.

 

ئیستا بەربژێرەکانی ئەمانەن:

 

1- ئیبراهیم رەئیسی

 

2- موحسین رەزایی

 

3- عەبدولناسر هیممەتی

 

4- ئەمیر حوسێن قازی زادەی هاشمی

بەپێی دەستووری ئێران، هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی سەرکۆمار ئەنجامدەدرێت و هەر سەرکۆمارێک تەنها دەتوانێت بۆ دوو خول هەڵبژێردرێتەوە، لەبەر ئەم هۆیەشە حەسەن رۆحانی جارێکی دیکە خۆی نەپاڵاوتەوە.

کاندیدی براوەی هەڵبژاردن پێویستە لایەنی کەم سەدا ٥٠+١ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەگەر رێژەی دەنگەکانی هیچ کاندیدێکیش نەگەیشتە ئەو ئاستە ئەوا ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە بۆ خولی دووەم رکابەری دەکەن و هەر کامێکیان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرکۆمار.