Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڵگەنامەیەک لەسەر تێڕوانینى "کۆمەلەى ژێ کاف" سەبارەت بە مەلا مستەفاى بارزانى

د. سەباحی غالب

لە مێژووى رێکخستن و حیزبى کوردیدا، "کۆمەڵەى ژێ کاف" یەکێک لە راستگۆترین، پوختترین و بەرنامەڕوونترین رێکخستنێکى نەتەوەیى کورد بووە. هەڵبەت هەر حیزب و رێکخراوەیەکى نەتەوەیى کوردى لە هەر پارچەیەکى داگیرکراوى نیشتمانەکەمان دابمەزرێ، دەبێ و دروستە بۆچوونى گشتى دەربارەى بەشەکانى دیکە هەبێ و لە بەرنامەکەیدا رەنگ بداتەوە، لە بارودۆخى ئەو کات و ئێستاشدا، حەتمەن پێویست بووە و پێویستە کە هەر حیزبێکى بەشێکى کوردستان، حسابى وردى سیاسیانە و بەرپرسیارانە، ئەوجا هاوکارانە و تایبەتمەندى بۆ بەشەکانى دیکە بکا، لەو تێگەیشتنەوە مەرجە کۆمەڵانى خەڵکى کوردستانیش، بە تایبەتى سیاسەتمەداران و رووناکبیران، بە عەقڵانى و دوور لە سۆزى ناکامڵ، واقیعى سیاسى و مێژوویى هەر یەکێک لە بەشەکانى کوردستان لەبەرچاو بگرێ، باروودۆخى ئێستا وا دەخوازێ لە گۆشەنیگاى سیاسەت و زانستەوە تەماشا بکەین و رێگا نەدەین دروشمى نەتەوەیى دوور لە واقیع و سۆزى ساکار و پەتى بەسەر عەقڵ و لێکدانەوەى سیاسەتدا زاڵ بێ.

لە ساڵانى 1943، 44 و 45، مەلا مستەفاى بارزانى لەگەڵ حکومەتى داگیرکەرى عێراقدا، لەسەر دۆزى کورد، لە ململانێ و خەباتى نەتەوەییدا بوو، لەو ساڵانەدا حیزبى هیوا بەتەواوى هێزى سیاسەت و مرۆیى خۆیەوە لە هاوکارى و پشتیوانى بارزانیدا بوو، گەلێک لە ئەفسەرانى کورد لە سوپاى عێراقیدا کە ئەندامى حیزبى هیوا بوون، لە پەیوەندى و یارمەتى بزووتنەوەکەدا بوون. لە 1945 و پێش ئەوەش ناوبانگ و تێکۆشانى بارزانى بەشێکى زۆرى دنیاى کوردى داگرتبوو، هەستى هاونەتەوەیى و تێڕوانینى سیاسى و بەرنامەى کارى "کۆمەڵەى ژێ کاف" لەگەڵ بۆچوونى بارزانیدا یەک دەهاتنەوە. بارزانى لە باشوور لە خەباتدا بوو، ناوەندى سەرکردایەتى "ژێ کاف" لە مەهاباد بوو، خەباتى هەر دوو لایەن، لە سنوورى توانا و دەسەڵاتیاندا، لە پێناوى وەدیهێنانى مافەکانى کورددا بوو، ئەوە واى کردبوو کە "ژێ کاف" بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا لە ریگاى بڵاوکردنەوە و بەیاننامەوە بۆ بارزانى بنووسێ و خەڵکى کورد بە ئاگابێنێتەوە کە بارزانى بۆ ئەوان لە تێکۆشاندایە، بۆیە بە پێویستیان زانیوە بەناوى پێشەواى ئازادى نامە و نووسراوەى بۆ بنووسن.

"ژێ کاف" لە نامەکەیاندا وایان نووسیوە "بۆ جەنابى زەعیمى ئازادى مەلا مستەفاى بارزان". ئەو ناونیشانە ماناى زۆر هەڵدەگرێ، جارێ حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران دانەمەزرابوو، کۆمارى کوردستانیش وجودى نەبوو، هەڵبەت زووش بوو قازى محەمەد ببێتە پێشەوا، بیرکردنەوەیەکى سیاسیانە و بەرنامەى نەتەوەیى "ژێ کاف" وا پێویستى کردووە ئەو چرایەى کە لە باشوور هەڵکرا بوو بە هى خۆى و بە هى هەموو کوردى بزانێ، مەبەستیشى بووە گشت کوردى لە دەور کۆبکاتەوە. دیارە کە شۆڕشێک هى هەموو کورد بێ، دەبێ توانا و کارامەیى و لێزانینى کورد، چ بە راوێژکارى و لێکدانەوە بێ یا قوربانیدانى مەیدانى، هەموو لایەک هاوبەشى تێدا بکەن. "ژێ کاف"یش لەو بارەیەوە تەواوى ئامادەیى خۆیان بۆ بارزانى دەربڕیوە.

رەنگە ئەو ئاگادارینامەیە بۆ مەلا مستەفا بارزانى لەو کاتەدا، یەکەمین کۆکردنەوەى بابەتێکى سیاسى ستراتیژى بووبێ لەنێوان دوو بەشى داگیرکراوى کوردستاندا، لەوێشەوە بۆ فراوانتر و گەورەتر. بزووتنەوەکەى بارزانى لە مەوداى بڵاوبوونەوەدا چاوى هەموو بەشەکانى لەسەر بوو، لەو دەمەدا لە هیچ بەشێکى کوردستاندا قەوارەیەک یا ئیدارەیەکى کوردى نەبوو، بۆیە "ژێ کاف" ویستوویەتى ئەو شۆڕشە ببێتە ئاگردان و کوانووى ئازادى بۆ تێکڕاى کورد، هەر بۆیە لە پێش هەر شتێکدا و خاڵى یەکەمدا پیرۆزبایى لە زەعیم یا پێشەوا بارزانى و لە لەشکرى ئازادى کوردستان دەکەن، ئەوەش لە هەستى برایەتى کوردایەتیى و یەک ریزى خەباتى کوردانەیانەوە سەرچاوەى هەڵگرتبوو، لەو بارەیەوە لە لایەکەوە تیگەیشتن و پێزانینیان بۆ تایبەتمەندێتى باشوورى کوردستان دەربڕى بوو، لە لایەکى دیکەوە ویستراوە لە کۆنگرەیەکى نەتەوەییدا هیممەتى گشت لایەک کۆبکرێتەوە، بۆ ئەوەى نەخشە رێگایەک بۆ ئازادى کوردستان بکێشرێ، لاى ئەوان ئاشکرا بووە کە دۆزى کورد پێویستى بە بەگەڕخستنى گشت تواناکانى دەستە و چین و رێکخراوە کوردییەکان و کوردستانییەکان هەبوو، ئۆباڵى نەتەوە و نیشتمان بە یەکجار مەزن زانیوە، بێ هاوکارى و هەرەوەزى لایەنە کارامە و دڵسۆزەکان سەختە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنرێ. 

هاوکات بۆ سەرکەوتن و چاکتر خوێندنەوەى قۆناغەکە، مەبەستیان بووە بیر لە بارودۆخى ناوچەیى و زلهێزەکانى وەک سۆڤیەت و ئینگلیزیش بکرێتەوە، ئەوان باوەڕیان وا بووە کە بۆ سەرکەوتن و دابینکردنى ئازادى کوردستان پشتیوانى وڵاتانى زلهێزیان بە پێویست زانیوە، بۆیە لەو نێوانەدا "ژێ کاف" بۆ دۆستایەتى نەتەوەى کورد، سۆڤیەتیان هەڵبژاردووە، هاوکات ئەوان ئەو حەقیقەتەشیان زانیوە کە دەبێ حیسابى ورد بۆ هەڵوێستى ئینگلیز کە باڵا دەست بووە لە عێراقدا بکرێ. لە کۆتاییدا روو لە مەلا مستەفا دەکەن و دیسانەوە بە ناوى زەعیمى ئازادپەرست ناویان تۆمار کردووە، لەو روانگەیەوە کە بارزانى پێشەواى کوردە و لە پێناوى نەهێشتنى ستەم و چەوساندنەوە لە تێکۆشاندایە، لەو تێگەیشتنەوە بە هۆشیارییەکى سیاسییەوە، بە پەیڕەوکردن لە دۆخى سیاسى مەملەکەتى ئێران، ئامادەیى و دابینکردنى پشتیوانى زۆر گەورە بۆ بارزانى رادەگەیەنن.

دوا بە دواى ئەوەى کە قازى محەمەد دەچێتە ناو ریزەکانى کۆمەڵەى "ژێ کاف" و دواتر دەبێتە سەرۆک، ئەوجا لە مانگى ئابى 1945دا، بە کاریگەرى و هەژموونى قازى، کۆمەڵە دەبێتە حیزبى دیموکراتى کوردستان ئێران، ئامادەکارى بۆ شۆڕش و راپەڕین دەکرێ و دواتر کۆمارى کوردستان لە مەهاباد رادەگەیەنرێ، بەر لە دامەزرانى کۆمار، لە مانگى تشرینى یەکەمى 1945، مەلا مستەفا بۆ هاوکارى و بەرقەرارى خەبات و پشتیوانى لە قازى محەمەد، بە خۆى و لەشکر و هێزێکى بەرچاوەوە چۆتە مەهاباد و بە تەواوى قەناعەتەوە خۆبەخشینى خۆى بۆ خزمەتکردن لەژێر سایە و سەرکردایەتى و پێشەوایەتى قازى محەمەددا راگەیاندووە، هاوکات لە پێناوى یەکڕیزى کورد و بەڕێوەچوونى کارى سیاسەت بە چاکى و بە دروستى، دەستبەردارى زەعامەت و پێشەوایەتى خۆیشى بووە، چونکە بارزانى زۆر چاک تێگەیشتبوو کە ئیدى ئەوە قازى محەمەد پێشەوایە، هەرگیز ناکرێ دوو پێشەوا لە بەش و لە یەک کۆماردا پێکەوە هەبن، ئەوەشى  زۆر چاک زانیوە کە ئەو بۆ پشتیوانى لە رۆژهەڵاتى کوردستان و پێشەوا قازى محەمەد چۆتە مەهاباد و ئەو بەشەى کوردستان، بۆیە هێزەکەى کە لەگەڵ بارزانیدا چووبوونە مەهاباد، بێ چەند و چوون، لە ریزەکانى لەشکرى کۆماردا رێکخرا، بەو شێوەیە هەرچى فەرمانى پێشمەرگایەتى و جوڵەى هێزەکەى مەلا مستەفا بوو، کەوتە ژێر سایە و فەرماندارێتى پێشەواوە.

بەو شێوە هەستى بەرپرسیارێتى مەلا مستەفاى بارزان و تێگەیشتنى بەرزى سیاسى پێشەوا قازى محەمەد، توانییان نموونەیەکى جوانى شارستانیەت و بەرپرسیارێتى، هەروەها لێکدانەوەى بار و دۆخ و تایبەتمەندێتى هەر بەشێکى کوردستان زۆر چاک هەر دوو لایەن تێبگەن، بە هیچ شێوەیەک بۆ چرکەیەکیش کێشەیەک لە نێوان ئەو دوو سەروەرەدا واتا مەلا و قازى پەیدا نەبوو، کە بەڕاستى رەنگدانەوەى هەلوێست و دڵسۆزى و ئیدراکى هەردوو لایان بوو، سەر بڵندییە بۆ نەتەوە و نیشتمانێک کە نموونەى وایان تێدا دووبارە بێتەوە، لە نێوان بەرپرسیاران و سیاسەتمەدارانى جەوهەرداردا کە بەرژەوەندى نەتەوە و نیشتمانیان مەبەست بێ، ئاسانە.