Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی ھەولێر بۆ KDP: کەس لەسەر بیروڕای سیاسی نەگیراوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی ھەولێر رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستگیرکردنی سێ کەس دەکەن، راست نین، چونکە ئێمە تەنھا مامەڵە لەگەڵ پاسپۆرت و بەڵگەنامەکان دەکەین، هەر کەسێک ئەگەر کێشەی نەبێت، دێتە ھەرێمی کوردستان و ئەگەر کێشەشی ھەبێت، بەو فڕۆکەیەی ھاتووە، رەوانەی شوێنی خۆی دەکەینەوە، چونکە ئێمە لەسەر بیروڕای سیاسی مامەڵە لەگەڵ کەسدا ناکەین.

ئەحمەد ھۆشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لای ئێمە وەکو فڕۆکەخانەی ھەولێر کەس نەگیراوە لەسەر بیروڕای سیاسی و ئەوەش ڕاست نییە کە پەیەدە باس لە گرتنی سێ ئەندامی خۆیان لە فڕۆکەخانەی ھەولێر دەکەن، بەڵام ھەیە کێشە لە پاسپۆرت یاخود ئیقامەی یاخود بەڵگەکانی دیکەی هەیە، ڕەنگە ھەندێک جار چەند سەعاتێک دوابکەوێت و ئەگەر بەڵگەکانیشی تەواو نەبێت، بەو فڕۆکەیەی خۆی بۆ شوێنەکەی رەوانەی دەکەینەوە، ئەگەر کێشەشی نەبێت، دێتە ھەرێمی کوردستان".

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی ھەولێر باسی لەوەش کرد: "ئێمە فڕۆکەخانەین و شوێنی ھەزاران کەسە، کە ھاتوچۆی لێ دەکات و کەسیش لە نێوچەوانی نەنووسراوە کە چ حیزبێکە و سەر بە چ لایەنێکە، ئێمەش تەنھا مامەڵە لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییەکان دەکەین و پێویستە پاسپۆرت کێشەی نەبێت، چونکە ئەوەی بێتە عێراق، نابێت پاسپۆرتی لە شەش مانگی کەمتر مابێت بەسەر بچێت و خەڵک ھەیە دێ سێ مانگی ماوە، رێگەی پێ نادەین بێتە ھەرێمی کوردستان".

پەیەدە بڵاوی کردووەتەوە، کە گوایە لە فڕۆکەخانەی ھەولێر سێ ئەندامی ئەوان دەستگیر کراون، بەڵام فڕۆکەخانەی ھەولێر ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم