Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی بەشداری لە کۆنگرەی پارتی کریستیان دیموکراتی نەروێژ کرد

هەولێر-KDP.info- پارتی کریستیان دیموکراتی نەروێژ ناسراو دوێنێ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەروێژ و لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە سێیەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوە برد و چەندین پارتی سیاسی و کەسایەتی و توێژەر و شارەزا لەبارەی نەروێژ و ئەورووپا و نێودەوڵەتی لە کۆنگرەکەدا بەشدار بوون.

لەسەر ئاستی کوردستان تەنیا شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بەشداری کۆنگرەکە بوون، کە هەردوو (پ.د.ک) کوردستان و (پ.د.ک) نەروێژ لە ٢٠١١وە کە ئەم پارتە دامەزراوە پەیوەندییەکی دۆستانەیان هەیە و لە کوردستان و لە نەروێژ شاندەکانی هەردوو لا دیدار و چاوپێکەوتنیان لە رابردوودا هەبووە و ئەم پارتە سەرەڕای ئەوەی تەمەنێکی کەمی لە بواری سیاسی لە نەروێژ هەیە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە سەرکردایەتیی سیاسیی پارتی ناوبراو بەئاشکرا و لە کۆنگرە و کۆنفرانسی حزبی و بۆنە و میتینگە جەماوەرییەکاندا پشتگیری و هاوسۆزیی خۆیان بۆ دۆزی رەوای گەلی کورد دەربڕیوە لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی و، پارتی ناوبراو، بەتایبەتی لە شەڕی تێکشکاندنی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کوردستان و لەسەر دەستی پێشمەرگە و هەروەها لە کاتی بەڕێوەبردنی رێفراندۆمی سەربەخۆیی ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧  پشتیوان و هاوسۆزی کوردستان بوو.

سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتی نەروێژ، بەڕێز ئێریک سێلێ و تیمێک لە چاودێرانی سیاسیی نەروێژی، وەک مۆنیتۆر، چاودێریی پرۆسەی دەنگدانی رێفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستانیان کرد و لەسەر بانگهێشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هاتنە کوردستان و دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی رێفراندۆمیش چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی سیاسییان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هەبوو.

ئەم پارتە تێکەڵاوییەکی باشی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی و بیانی لە نەروێژ هەیە و پشتگیریی مافە رەواکانی پەنابەران لەم وڵاتەدا دەکات. لە هەڵبژاردنی پێشووی نەروێژدا لە چەندین شارەوانیی گرنگی نەروێژ سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەمساڵ کە لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ بەڕێوە دەچێت، بکەوێتە پەرلەمانی نەروێژ ەوەکە ناسراوە بە ''ستۆرتینگێت''.

بە درێژاییی ڕۆژی ١٢/٦/٢٠٢١ کۆنگرەی پارتی ناوبراو لە بواری کاروباری ناوخۆیی و رێکخراوەییدا بە بەشداریی چەندین کاندیدی پارتی ناوبراو بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەمساڵ باسی سیاسەت و پلانی ستراتیژی و ئابووری و نەخشەڕێگای پارتەکەیان کرد بۆ کۆمەڵگای نەروێژ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا و، لە بەشی کاروباری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارتی ناوبراویشدا کە پەیوەندییان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی ئەورووپا، ئاسیا و ئەفریقا و... هتددا هەیە، رێگە درا بە شاندە بیانییەکان بە ناوی پارتەکانیانەوە پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کۆنگرەی سێیەمی پارتی کریستیان دیموکراتی نەروێژ بکەن.

لە پەیامی پیرۆزباییی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پارتی کریستیان دیموکراتی نەروێژدا، وێڕای پیرۆزبایی و سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەیان، سوپاسی هەڵوێستی سیاسیی پارتی ناوبراو کرا لە پشتگیری و هاوسۆزی بەردەوامیان لە دۆزی کورد لە قوربانیدانی پیشمەرگە لە شەڕی تیرۆر و بۆ بەشداری و پشتگیرییان لە رێفراندۆمی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە ٢٥ ی سێپتەمبەری ٢٠١٧دا. هەروەها سوپاسی حکوومەت و گەلی نەروێژ کرا لە داڵدەدانانی هەزاران پەنابەری کوردستان لە وڵاتەکەیان لە رابردوو و ئێستادا و پشتگیریی وڵاتەکەیان لە ئەزموونی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان و لە سەردەمی شەڕ و ئاشتیدا و بۆ برەودان بە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی شاهانەی نەروێژ لە بواری سیاسی و ئابووری و کەلتووری و وەبەرهێناندا، و هیوایان خواست کە وڵاتی نەروێژ بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و کەلتووریی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کۆنسووڵخانەی نەروێژ لە هەوڵێری پایتەخت بکاتەوە.

لە تەوەرێکی تری پەیامی پیرۆزباییی (پ.د.ک)دا بۆ کۆنگرەکە بە فراوانی باسی گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرا و پرسی گەشەپێدان و دیموکراسی و ئاساییش و سەقامگیری و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان لە بواری سیاسی، مرۆیی و لە شەڕی تیرۆر و گەشەپێدانی ئەزموونی دیموکراسی و حوکمڕانی لە کوردستان کراوە و بەگرنگییەوە باسی  ئەزموونی سیاسی و دیموکراسی و کەلتووری لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئایینی و ئیتنی لە کوردستان کرا و شاندەکە رایانگەیاند کە ژینگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ئاساییش و دۆخی ئارام و سەقامگیری لە ناوچەکەدا لەبارە بۆ فراوانکردنی پەیوەندیی سیاسی، بازرگانی و ئابووری و کەلتووری و زانستی بۆ ئەوەی وڵاتی نەروێژ شانبەشانی وڵاتانی تر لە هەرێمی کوردستان چالاکیی هەبێت.

لە لایەکی تریشەوە، شاندەکە ئاماژەیان بە مەترسییەکانی بەردەوامیی شەڕی نەخوازراوی نێوان تورکیا و پەکەکە کرد بۆ سەر خەڵکی ناوچە سنوورییەکان و ژینگەی کوردستان و ئاماژەیان بە بەرەوامیی هەڕەشە و مەترسییەکانی ترۆریستانی داعش و میلیشیا چەکدارەکانیش بۆ سەر خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد کە مەترسین بۆ سەر گەشەپێدانی دیموکراسی و ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان و ناوچەکەدا.