Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"حەفتەی داھاتوو وەزیری دارایی دەچێتە پەرلەمان"

هەولێر-KDP.info- بڕیارە حەفتەی داھاتوو لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران، وەزیری دارایی و ئابووری بچێتە پەرلەمانی کوردستان و لای خۆشییەوە ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێ، وەزیری دارایی پرسی لێبڕینی مووچە و دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا ڕوون دەکاتەوە.

ئەڕشەد برادۆستی، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە حەفتەی داھاتوو وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران بێتە پەرلەمان و لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستاندا بەشداری بکات کە پێشتر داوای ئامادەبوونی وەزیری دارایی کرابوو لەلایەن پەرلەمانەوە."

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتیشی: "وەزیری دارایی پرسی لێبڕین و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بۆ پەرلەمان ئاشکرا دەکات و لیژنەی داراییی پەرلەمان چەندین پرسیاری ئامادە کردووە بۆ وەزیری دارایی و ئابووری."

ئەرشەد برادۆستی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە بۆ ئەم مانگەش لێبڕینی مووچە وەک خۆی ٢١% دەبێت، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جددیە لەسەر دابەشکردنی مووچە لە وادەی خۆیدا، واتە ھەر ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەریش ڕەوشی داراییی حکوومەتی ھەرێم بەرەو باشتر چوو، یان پارەکەی بەغدا گەیشت، ئەوە بێگومان گۆڕانکاری لە مووچەدا دەکرێت."

قائید میرۆ